٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فارس نەورۆڵی: دەنگی پارتی لە سنووری سلێمانی بەھۆی ڕاستگۆیی بەرانبەر بە میللەتی خۆی زیاد دەکات

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی -KDP.info- گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی-ھەڵەبجە گوتی، لەسەر داوای سەرۆک بارزانی بانگەشە بەھێمنی بەڕێوە دەچێت و پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە ڕاستگۆ بووە بەرانبەر بە میللەتی خۆی، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە، خەڵک متمانە بە پارتی دەکەن و ئەم جارە دەنگەکانی پارتی زیاد دەکەن.

فارس نەورۆڵی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لەو کاتەوە کە بڕیار درا بانگەشە دەست پێ بکات، پارتی دیموکراتی کوردستان بە شێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو دەستی بە بانگەشە کرد و لە چوارچێوەی یاسای کۆمسیۆندا بانگەشە لە سنووری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی-ھەڵەبجە بە شێوەیەکی ھێمن بەڕێوە دەچێت کە لقی سلێمانی و دەوروبەری و ڕانیە و ھەڵەبجە لە خۆی دەگرێت. بانگەشەکەش بە شێوەی سەردانی ماڵان و چوون بۆ شوێنە گشتییەکان بەردەوامە.''

فارس نەورۆڵی گوتی: ''بانگەشەکە لەسەر داوای سەرۆک بارزانی ئیستفزازی نابێت و بە ھێمنی بەڕێوە دەچێت و باسی بەرنامەی پارتی دەکەین کە دەچێتە بەغدا چی دەکەین، بۆیە بانگەشەی ئێمە زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێت.''

نەورۆڵی باسی لەوەش کرد: ''ئێمە لە سنووری خۆمان چوار کاندیدمان ھەیە و تا ئێستا ناتوانین پێشبینی بکەین بۆ ئەوەی بزانین دەنگەکان چۆن دەبێت، چونکە لە ھەڵبژاردندا ھەندێک جار شتی لەناکاو ڕوو دەدات و پارتییش ھەمیشە لە سەنگەری ڕاستگۆییدا بووە، هەر لەسەر بنەمای ڕاستگۆییش پێمان وایە دەنگی پارتی زیاد دەبێت.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار