كوردانی بەغدا بۆ KDP: پشتیوانی لە سیاسەتی نەتەوەیی و نیشتیمانیی پارتی دهكەین

بەغدا-KDP.info- هاووڵاتیانی كوردی دانیشتووی بەغدای پایتەختی عێراق باس لەوە دەكەن، دەیانەوێت كاندیدانی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نوێنەرایەتییان بكەن، بۆیە بڕیاریان داوە لە ڕۆژی دەنگدان لەسەر سندووقەكانی دەنگدان، دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی بدەن.
لە هەڵبژاردنەكانی خولی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، پارتی دیموكراتی كوردستان توانی بە دەنگی كوردی بەغدا كورسییەك بەدەست بهێنێت، بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئێستای عێراقیش، لە سێ بازنەی بەغدا كاندیدی هەیە و چاوی لە بەدەستهێنانی دوو كورسییە.
عامر مەجید، دانیشتووی بەغدای پایتەختی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمەی كوردانی بەغدا باوەڕمان وایە پێویستە دەنگمان بۆ كاندیدی حزبە كوردییەكان بێت و لە ناویشیاندا پارتی، چونكە نوێنەرانی ئەو حزبە دەتوانن نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەمان بكەن".
ئەو هاووڵاتییە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات: "ئێمە وەك كورد پێویستە لە بەغداوە پشتیوانی لە سیاسەتی نەتەوەیی و نیشتیمانیی پارتی بكەین بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی، دڵنیاین نوێنەری پارتی لە بەغدا دەربچێت، دەبێتە نوێنەرێكی ڕاستەقینەمان، دەبێت بیسەلمێنین ئێمەی كورد لە پایتەختی عێراق بوونمان هەیە و دەتوانین لە گۆڕانكارییە سیاسی و خۆجێییەكان ڕۆڵمان هەبێت".
ناهیدە فەتاح، كە ئافرەتێكی چالاكوانە و لە بەغدا دادەنیشێت، لای خۆیەوە دەڵێ: "ئیتر كات كاتی ئەوەیە كورد بڵێت لەناو پایتەختی عێراقدا ئێمەش هەین و ژمارەین و دەبێت حساب بۆ سەنگ و قورساییمان بكەن، لەم هەڵبژاردنەدا بەسەرخستنی كاندیدە كوردەكان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق له ناویاندا كاندیدانی پارتی، دەتوانین بڵێن هەنگاوێكی گەورەمان ناوە بەرەو ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش دەورمان هەبێت و بەشدار بین لە حكوومەتی خۆجێیی پایتەخت".
ئەو چالاكوانە دەشڵێت: "داوا لە هەموو كوردەكان دەكەم وەك كەرنەڤاڵ تەماشای ڕۆژی دەنگدان بكەن و بە جلوبەرگی كوردییەوە بڕۆنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی بدەن".
محەممەد زەمان، دەنگدەری كورد لە بەغدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "بڕوامان بە پارتی و كاندیدەكانی هەیە و لە ساڵی 2018 دەنگمان بۆ كاندیدی پارتی بوو، جارێكی تریش متمانە دەدەینەوە بە كاندیدانی پارتی و بڕوامان وایە تەنها پارتی و كاندیدەكانی دەتوانن نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی ئێمە بكەن لە بەغدا".
ناوبراو گوتیشی: "من وەك تاكێكی كورد بەردەوام لەگەڵ هاوڕێ كورد و عەرەبەكانم قسە دەكەم، لەوەی دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی بدرێت، خەڵكی عێراق باوەڕیان بە حزبەكانی خۆیان نەماوە، بۆیە ئێمە بڕوامان وایە دەتوانین دەنگێكی زۆری عەرەبیش بەلای خۆماندا ڕابكێشین، نموونە ئەو خێزانانەی بۆ گەشتوگوزار ڕوو لە كوردستان دەكەن، لە گەڕانەوەیاندا بڕوایان بە حزبەكانی كوردستان و حكوومەتەكەی بەهێز دەبێت".
عەزیز ڕەسووڵ




