٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداد بەتاڵكردنەوەی بارگەكانی قەیران

سەرچاوە: KDP.info

ئازا حەسیب قەرەداخی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەر لەوەی سەفەر بكات بۆ رووسیا، زنجیرە كۆبوونەوە و دیدارێكی ئەمریكی، ئەوروپی، عێراقی و كوردستانیی كرد. بابەتی سەرەكی هەموویان چارەسەركردنی ئەو قەیرانە بوو كە عێراقی گەیاندۆتە سەر لێواری خلۆربوونەوە. هەموو ئەوانەی لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) كۆبوونەتەوە چاوەڕوانیان لە بەڕێزیان ئەوەبووە كە دەستپێشخەرییەك بكات بۆ كۆكردنەوەی هەموو لایەنە ناكۆكان تا لەسەر مێزی گفتوگۆ باسی كێشەكان بكەن و كار بكەن بۆ داڕشتنی رێگەچارەیەك كە چاوگەكەی دەستووری عێراق بێ و رەزامەندی هەمووانی لەسەر بێ و بەرژەوەندی هەموو لایەكیش رەچاو بكات.

بەڕێزیان سەفەری كرد و لە رووسیاشەوە رایگەیاند كە گەڕایەوە بۆ هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنەكان كۆدەبێتەوە. هاوكات دەنگۆی ئەوەیش بڵاوبۆوە كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد دەكات و سەرەكوەزیرانی عێراق دەبینێ. ئەم دەنگۆیە تا ئێستا لە چەند لایەكەوە پشتڕاست كراوەتەوە.

هەڵبەت كە (نێچیرڤان بارزانی) بچێ بۆ بەغداد، پێشبینی دەكرێ ئامادەسازی بكات بۆ ئەو كۆبوونەوە فراوانە هەمەلایەنەی لە هەولێر دەكرێ. بە جۆرێكی دیكە بەرنامەی كاری ئەو كۆبوونەوەیەی پێیە و دەیەوێ لەگەڵ (نوری مالیكی) و لەوانەیە لەگەڵ لایەنی دیكەیشدا تاوتۆی بكات، بۆئەوەی كۆبوونەوەكەی هەولێر تەنیا تەشریفاتی و میوانداریكردن نەبێ. بەڵكو كۆبوونەوە بێ بۆ چارەسەر. بۆ پابەندبوون بە ئەجندایەكی بەپەلە كە سەرەتا عێراق لە لێواری خلۆربوونەوە دوور بخاتەوە، ئینجا خاڵگەلێك بۆ چاكسازی سیاسی و ئابووری كە پەیوەستن بە حوكمڕانێتی و شەراكەت و سازانی سیاسی و جێبەجێكردنی دەستوور و مادەی 140 و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێراوەكان و و بەدەنگەوەچوونی داخوازییە ئەمنی و ژیارییەكانی هاوڵاتیانەوە، دابڕێژرێ و واژوو بكرێ و سەقفێكی زەمەنی دابنرێ بۆ جێبەجێكردنیان. لە حاڵەتی پاشگەزبوونەوە لێیان بژاردەی دەستووری هەبن كە حكومەت و پرۆسەی سیاسی پێوەی پابەند بكرێن، یەكێك لەوانە و كاریگەرترینیان هەڵبژاردنی پێشوەخت بێ.

بارودۆخی عێراق گەیوەتە حاڵەتێكی وەها مەترسیدار كە بە رێكار و چارەسەری نیوەناچڵ رزگاری ناكرێ. بەڵكو دەبێ دەستوور بكرێتە مەرجەع و سازانی نیشتمانی بكرێتە بنەما و شەراكەت بكرێتە میكانیزم بۆ حوكمڕانی و بەڕێوەبردنی عێراق.

حكومەت ئیتر نابێ حكومەتی (بریكاران) بێ، یان وەكوو ئەوەی كە عێراقییەكان خۆیان ناویان ناوە حكومەتی (واوات) مەبەست لە (وكیل)ـە. كە نوری مالیكی بۆ ئەوەی خۆی لە پابەند بوون بە دەستوور و رێككەوتنی هەولێر و ئەوانی دیكەیش بدزێتەوە، بە تایبەتی لەوەدا كە پاریزگاری بانكی ناوەندی و سەركردەكانی ناو سوپا و وەزیران و بەرپرسانی دامودەزگاكانی ئاسایش و هەواڵگری و دەستە سەربەخۆكان بە رەزامەندی و پاشی پەسەند كردنی پەرلەمان دادەنرێن، ئەو هاتووە وەكیلی بۆ داناون و زوربەی پێگە گرنگەكانی ناو حكومەت و سوپا و دەزگاكانی ئاسایش و هەواڵگری و چەندینی دیكەی بەجۆرەوە و لە كەسانی ناو تیمەكەی خۆی پڕ كردۆتەوە.

ئەوەی ئێستا بەناوی چارەسەرەوە دەكرێ، چارەسەر نییە بەڵكو بریتییە لە بەتاڵكردنەوەی بارگەكانی قەیرانێك بە قەیرانێكی لە خۆی خراپتر. بارگەكانی قەیرانێكی سیاسی بە قەیرانێكی ئەمنی بەتاڵ دەكرێتەوە. بارگەكانی قەیرانێكی ئابووری بە خوڵقاندنی كێشەیەكی سیاسی- ئەمنی پەرەدەپۆش دەكرێ.

سەرەڕای كەڵەكەبوونی بێئومێدی و شكست و پاشەكشەیەكی گەورەی تروسكاییەكانی هیوا، وەلێ كورد و كوردستانیان نایانەوێ بەشێك بن لە بەتاڵكردنەوەی بارگەكانی قەیرانێك بە خولقاندنی قەیرانێكی دیكە. بەڵكو دەیانەوێ بەشێك بن لە بەتاڵكردنەوەی بارگەكانی قەیرانەكە بە چارەسەرێكی راستەقینە كە پشت ئەستوور بێ بە پابەندبوون بە جێبەجێكردنی دەستوور و سازان و شەراكەتی نیشتمانییەوە. كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد چارەسەر بكات و ماددەی 140 بخاتە واری جێبەجێكردنەوە لە سەقفێكی زەمەنی دیاریكراودا. كۆتایی بە تاكڕەوی و قۆرخكردنی دەسەڵات بهێنێ لە حوكمڕانیدا. كۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە و هاوشێوەكانی لە جووڵە پێكردن و كۆكردنەوەی سوپا و دەستێوەردانی لە كێشە سیاسییەكاندا بهێنێ و بۆ یەكجاری ئیلغایان بكاتەوە. ئەمنییەت و ژیان و خزمەتگوزارییەكان بۆ هاوڵاتیان دابین بكات.

ئەمانە ئەو چارەسەرییانەن كە دەوڵەتی عێراق لە تەنگرژەیەكی مەترسیدار رزگار دەكات. خەمەكەیش خەمی دەوڵەتێك نییە كە نزیكەی یەك سەدەیە ناتوانێ ببێ بە دەوڵەت، بەڵكو خەمی خەڵكێكە كە نزیكەی یەك سەدەیە ئارامییان بە خۆیانەوە نەدیوە. لە جەنگێكەوە دەبرێن بۆ جەنگێكی دیكەی لەوی پێشتر خوێناوی تر و كاولكار تر. لە ئەنفالێكەوە بۆ ئەنفالێكی دیكە. لە برسێتی و بێكارییەوە بۆ هەژاری و برسێتییەكی پڕوكێنتر. لە ئیرهابێكەوە بۆ ئیرهابێكی گشتگیر تر. لە شۆفێنییەت و دیكتاتۆرییەوە بۆ لە خۆیان قێزەونتر. خەمەكە خەمی ئەم خەڵكەیە كە دەریچەیەك بۆ ئارامی و ئاشتی و ژیان بدۆزنەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار