د. خالید سەلیم: پێداگری لەسەر ناردنی پشکی دەرمانی ھەرێمی کوردستان دەکەین

دهۆک -KDP.info- کاندیدێکی پارتی لە سنووری دھۆک-ئامێدی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە چوار ساڵی داھاتوودا پارتی و نوێنەرەکانی لە پەرلەمان کار بۆ چارەسەرکردنی پرسە ھەڵواسراوەکان دەکەن و دەڵێت، ''ھەموو ھەوڵێک بۆ دابینکردنی بەشەدەرمانی ھاووڵاتییانی کوردستان دەدەم.''
د. خالید سەلیم ڕێکانی، کاندیدی ژمارە ٢٧ی پارتی لە سنووری بازنەی دھۆک-ئامێدی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە دڵنیاین لە دەنگدەرانی پارتی کە لە ڕۆژی ھەڵبژاردندا وەفاداریی خۆیان بۆ پارتی و ڕێبازی بارزانی پێشان دەدەن و، ئێمەش بەڵێنی ئەوە بە دەنگدەرانی خۆمان دەدەین لە چوار ساڵی داھاتوودا ھەموو توانایەک دەخەینە گەڕ بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان.''
کاندیدەکەی پارتی دەڵێت: "زۆر کێشەی ھەڵواسراو لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدادا ماون، یەکێک لەوانە ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، ھەروەھا پرسی ھێزی پێشمەرگە و نەوت و غاز و چەندین پرسی دیکەی گرینگ ھەن کە پێویستە لە خولی داھاتووی پەرلەمانی عێراقدا کاریان لەسەر بکەین.''
د. خالد سەلیم ڕێکانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە کەرتی تەندروستی زۆر ئاریشە ھەن و بەگوێرەی ماددەکانی ٣١ و ٣٢ی دەستووری عێراق، ئەرکی حکوومەتی فیدڕاڵە دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ ھەرێمی کوردستان دابین بکات، بەڵام تا ئێستا ڕێژەی دەرمان وەک پێویست نەگەیشتووەتە ھەرێمی کوردستان و من ھەوڵ دەدەم دەرمان و پێداویستیی پزیشکیی پشکی ھەرێم وەک خۆی بگات، بەگوێرەی یاسا کار بۆ دابینکردنی مافە تەندروستییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەم، نەک وەکوو ساڵانی ڕابردوو تەنیا ٥٠%ی پشکی ھەرێمی کوردستان بگات.''
قائید میرۆ




