سەرۆكی حكوومەت ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی پیرۆز دەكات

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی، لە یادی پەنجاویەك ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستاندا، پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
لە یادی پەنجاویەك ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، پیرۆزبایی لە سەرۆك و مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجومەنی ناوەندی و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.
زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، ڕۆڵێكی گرنگ و بەرچاویان ھەبووە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و بەرگریكردن لە پرسە نیشتمانییەكان و گەشەپێدانی هزری میانڕەوی و بەیەكەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی لە كوردستان. هیوادارام زانایانی ئایینی، بەردەوام بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی تووندڕەوی و برەودان بە لێبوردەیی و داكۆكیكردن لە ماف و دەسكەوتەكانی گەلی كوردستان.
مەسروور بارزانی
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان
2021/9/21




