٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عارف تەیفوور: چاوەڕوان دەكەین ٢-٣ كاندیدمان سەركەوتن بەدەست بێنن

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- لە درێژەی وێبینارەكانی هەفتانەی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموكراتی كوردستان و هەڵمەتی (بەرەو هەڵبژاردن، دەنگ دەدەین بە پارتیمان بۆ ئەوەی دواڕۆژمان زامن بكەین)، عارف تەیفوور، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی سلێمانی و هەڵەبجە، بابەتێكی دەربارەی ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنەكان لە سنووری ئەنجومەنەكە پێشكەش بە بەشداربووانی وێبینارەكە كرد، كە پێكهاتبوون لە كادیران و ئەندامانی پارتیمان لە ئەورووپا، ئەمەریكا، كەنەدا، ئوستڕالیا و كوردستان.

عارف تەیفوور، سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، كە كورد لە خولی یەكەم و دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بە هێزەوە لە بەغدا كاری دەكرد و لایەنەكانی تر نەیاندەتوانی هیچ جۆرە پڕۆژەیاسایەك لە دژی كورد تێبپەڕێنن، ئەمەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كەوا پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی كاریان دەكرد.

گوتیشی، لە خولی سێیەمەوە گۆڕانكاری بەسەر بارودۆخەكەدا هات و بێهێزی لە ئەدای پەرلەمانیدا دەركەوت، ئەوەش وای كرد كە ژمارەیەك پڕۆژەیاسا تێبپەڕێندرێن، كە لە بەرژەوەندیی كورددا نەبوون.

هەر لە درێژەی قسەكانیدا، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی سلێمانی و هەڵەبجە رایگەیاند، هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵ جیاوازیی لەگەڵ هەڵبژرادنەكانی پێشوودا هەیە، چونكە ئەم جارە سیستەمی بازنەكان پەیڕەو دەكرێت و عێراق بەسەر ٨٤ بازنەدا دابەش كراوە و پێنج بازنەیان دەكەونە سنوورەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتییەكەیان.

تیشكیشی خستە سەر ئەوەی، ئەو سیستەمە كاریگەریی نێگەتیڤی دەبێت لەسەر پارتیمان و لایەنەكانی تریش، جونكە سیستەمێكی ئاڵۆزە و دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. گوتیشی، پەرلەمانی عێراق دامەزراوەیەكی یەكجار گرینگە و داوا دەكەین دەنگ بەو كەسانە بدرێت كە شایانی ئەو ئەركەن و بەرگری لە مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد لە بەغدا دەكەن و دەتوانن بە هێزەوە ڕێگە لە تێپەڕاندنی ئەو یاسایانە بگرن كە لە دژی مافەكانی گەلەكەمانە.

عارف تەیفوور، هەروەها روونی كردەوە، ئامادەكاریی باش ئەنجام دراوە بە مەبەستی سەرخستنی كاندیدەكانی پارتیمان لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئەندامان و هەوادارانی پارتیمان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ بەشداریكردن لە دەنگدان و چاوەڕوانی ئەوە دەكەین لەو سنوورە ٢-٣ كاندید سەركەوتن بەدەست بێنن.

سەبارەت بە پۆستی سەرۆككۆماریش، عارف تەیفوور ئەوەی گوت كەوا ئەو بابەتە دواخراوە تا دوای هەڵبژاردنەكان و دەستپێكردنی گوتوێژەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، پێویستە چاوەڕێی دەرئەنجامەكان بكەین و دواتر لەسەر ئەو بنەمایە گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە بكرێت.

لە درێژەی قسەكانیدا، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە ئاماژەی دا، كاندیدەكانی پارتی كەسانی لێهاتوو و شارەزان لە بوارە جیاكاندا و خاوەن پێگە و ڕێزن لای خەڵكی ناوچەكان. گوتیشی، ئەمە ئامانجی ئێمە بوو لەو ناوچەیە بۆ ئەوەی كاندیدەكان خاوەن توانایەكی باش بن و بتوانن بە هێزەوە لە بەغدا كار بكەن و بەرگری لە مافەكانی گەلی كوردستان بكەن.

دەشڵێ: "پێشبینی دەكەین كەوا دەنگدەری ئەو ناوچەیە دركی بە لێهاتوویی كاندیدەكانمان كردووە و دەنگیان پێدەدەن. ئێمە كار لەسەر ئەوە دەكەین كوردستانێكی بەهێزمان هەبێت لەناو عێراقدا. بۆ ئەم مەبەستەش، كارمان لەسەر كاندیدكردنی كەسانێكی بەهێز و بەتوانا كردووە بۆ ئەوەی مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد لە بەغدا بەدەست بێنن و ئەو یاسایانە پوچەڵ بكەنەوە كە پێشتر لە دژی كورد دەرچوون."

عارف تەیفوور ئەوەشی خستە ڕوو، كەوا ئیرهابێكی فیكریی مونەزەم لە چەندین لایەنەوە دژ بە پارتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە بەكار دێت، كە ئەوەش وای كردووە ژیانیان ئاسایی نەبێت و كاروبارەكانیان بە ئاسانی ڕایی نەبێت. گوتیشی، ئەوەی پارتی بێت موحارەبە دەكرێت و ژیانی بۆ قورس دەكرێت، بە پێچەوانەی ناوچەكانی تر كە لەسەر باكگراوندی حیزبی، مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا ناكرێت.

لە كۆتایی گوتەكانیدا، عارف تەیفوور، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیمان و سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی سلێمانی و هەڵەبجە، داوای لە هەموو لایەك كرد، كەوا دەنگ بە كاندیدەكانی پارتیمان بدەن بۆ ئەوەی مافەكانی گەلەكەمان زامن بكرێن و پێگەی دەستووریی هەرێمی كوردستان بەهیزتر بكرێت، هەروەها بتوانن ڕۆڵ لە وەدەستهێنانی دەسكەوتی زیاتر بۆ كوردستان ببینن.

دواتر ڕزگار ئەژی گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی سەركردایەتیی سلێمانی و هەڵەبجە، تیشكی خستە سەر وردەكارییەكانی تایبەت بە بازنەكانی ئەو سنوورە و كاندیدەكان و چۆنیەتیی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان و دەنگدان بە كاندیدانی پارتیمان.

ناوبراو لە درێژەی بابەتەكەیدا، ئاماژەی بە ژمارەیەك كێشە و گرفتیش دا، كە دێنە بەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردن و كاندیدانی پارتیمان. جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە كەوا هەموو هەوڵەكان و تواناكان خراونەتە گەڕ بە مەبەستی سەرخستنی كاندیدانی پارتیمان لەو ناوچەیە و پارتییەكان هەموو ئامادەباشییەكیان كردووە بۆ ئەوەی كاندیدەكانیان سەركەوتن مسۆگەر بكەن.

هەواڵی پەیوەندیدار