٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"حەفتەی داھاتوو لە ڕێوڕەسمێکی جەماوەریدا بارەگای پارتی لە مەخموور دەکرێتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

مەخموور-KDP.info- بڕیارە حەفتەی داھاتوو پارتی بگەڕێتەوە مەخموور و بەرپرسی لقی پارتییش لە مەخموور دەڵێت، ''بە سەربەرزی دەگەڕێینەوە مەخموور و سەرگەڕان و سێ پڕۆژەی گرنگیش لەدوای ھەڵبژاردن بۆ خزمەتکردنی خەڵکی دەڤەری مەخموور دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە.''

کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچۆغ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە لە مەخموور و قەراج و سەرگەڕان دانەبڕاوین، ڕاستە بەھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بارەگامان لەو سنوورە نەماوە، بەڵام ھەردەم ماڵ و دڵی تێکۆشەرانی ئەو ناوچەیە بارەگای پارتیمان بووە و، حەفتەی داھاتوو لە کۆڕێکی جەماوەریی بەرفراواندا بەقەت پێگەی پارتی بەھێز و گەورە بارەگای پارتیمان لە مەخموور دەکەینەوە.''

بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچۆغ دەشڵێت: "حەفتەی دواتریش بارەگای پارتی لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان دەکەینەوە، ڕۆژانە جەماوەری ئەو سنوورە پەیوەندیمان پێوە دەکەن و لە ھەواڵی کردنەوەی بارەگای پارتی دەپرسن.''

کرمانج عەبدوڵڵا دەڵێت: "بە گەڕانەوەی پارتی بۆ سنووری مەخموور و سەرگەڕان ئومێد و متمانە بۆ خەڵکی ئەو دەڤەرە دەگەڕێتەوە، ھەتا گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی کاریگەریی لەسەر گەڕانەوەی خەڵکیش دەبێت بۆ شوێنی خۆیان، خەڵک ھەبوونی پارتی بە ھەبوونی کورد دەزانن لە ھەر شوێنێک بێت، ئومێد دەکەین بە گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی زیاتر خزمەتی خەڵکی ئەو ناوچەیە بکەین، چونکە شایستەی ئەوەن پارتی خزمەتیان بکات، ھەرچەندە پارتی درێغیی نەکردووە لە خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی سنوورەکە.''

کرمانج عەبدوڵڵا گوتی: "پارتی چەندین پلان و بەرنامەی ھەبووە پێش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و لە داھاتوودا ھەموو ئەو بەرنامانە جێبەجێ دەکەین، لەوانەش دروستکردنی کارگەیەکی خشتی سۆر و کردنەوەی کارگەی ئارد بۆ ناوچەکە و کردنەوەی کۆلیژی کشتوکاڵ لە دیبەگە و پەنا بەخوا دوای ھەڵبژاردن ھەرسێ پڕۆژەکە دەچنە واری جێبەجێکردنەوە.''

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار