٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێکھاتەکان: سەرکەوتنی پارتی، سەرکەوتنی ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکانە

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ -KDP.info- پێکھاتەکان لە سنووری پارێزگای مووسڵ دووپاتی دەکەنەوە، کە دەنگی ئەوان بۆ کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستانە، چونکە سەرکەوتنی پارتی سەرکەوتنی ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکانە لە ھەموو ناوچەکان .

کەسایەتیی مەسیحی، لوئەی فەرنسیس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەمڕۆ بەرەو ھەڵبژاردن دەچین و پێویستە مەسیحییەکان ئەوەیان لەبەرچاو بێت کە کێ ئەوانی پاراست و کێ ناوچەکانی ئەوانی تەعریب کرد. پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان زۆرینەیە و دەسەڵاتدارە و پێویستە مەسیحیەکانیش دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی بدەن، چونکە لە ھەرێمی کوردستان پارتییە کە بێ جیاوازی پارێزگاری لە ھەموو پێکھاتەکان دەکات و خزمەتیان دەکات، بۆیە باشترین پارت و حزب کە متمانەی پێ بکرێت، پارتی دیموکراتی کوردستانە، کە بارزانیی نەمر دایمەزراندووە.''

زەنوون یونس، کەسایەتیی شەبەک و کاندیدی کۆتای شەبەک لە دەشتی نەینەوا کە بە غەدر لادرا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دەیانزانی کە من دەنگی زۆر بەدەست دێنم و لە کوردیش نزیکم، بۆیە منیان بە تۆمەتی جیا جیا دوور خستەوە، بەڵام ئێستاش لە دەشتی نەینەوا کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەن و دەنگی خۆمان دەدەینە پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکە تاکە حزبە پارێزگاری لە مافی ھەموو پێکھاتەکان دەکات بێ جیاوازی و ھەمیشە دەرگای بۆ پێکھاتەکان واڵایە و خزمەتی ئێمەی زۆر کردووە و دڵنیاشین لە بەغدا دەبێتە داکۆکیکاری مافی ھەمووان.''

ھەر لەم بارەیەوە، یەکێک لە شێخەکانی عەرەبی سنووری مووسڵ، بە ناوی عوسمان سوڵتان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە وەکوو ھۆزە عەرەبەکان چەندین ساڵە لە دوای نەمانی کورد لەژێر دەسەڵاتی ھێزە ناشەرعییەکان دەناڵێنین، بۆیە دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەین، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پێشمەرگە و ئارامی بۆ ناوچەکانمان بگەڕێتەوە، ھەموو ھەوڵێکیش دەدەین و بەجددی کار دەکەین بۆ ئەوەی کاندیدانی پارتی سەر کەون، چونکە سەرکەوتنی پارتی، سەرکەوتنی ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکانە.''

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار