کاندیدێکی پارتی: لە بەغدا کار بۆ بەدەستھێنانی مافە یاسایی و دەستوورییەکانی ھەرێم دەکەین

ھەولێر -KDP.info- کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ''ئێمە دەچین بۆ بەغدا بۆ ئەوەی لە بەغدا کار بۆ بەدەستھێنانی مافە یاسایی و دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەین.''
لەیلا ئەکرەم، کاندیدی ژمارە ٢٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سێی پارێزگای ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەرنامەی ئێمە، بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە بەرگریکردنە لە خاکی ھەرێمی کوردستان. لە پەرلەمانی عێراق شەڕی کورد ئەوەیە کە عەرەب مافی کوردیان زەوت کردووە و نایدەن، بۆیە کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەو مافانە بۆ کورد بگەڕێنینەوە کە مافی یاسایی و دەستووریی ھەرێمی کوردستانن.''
لەیلا ئەکرەم گوتیشی: ''من شارەزاییم لە یاسا ھەیە و داوای مافە یاسایی و دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەین و جگە لەوەش، داوای مافی شایستە داراییەکانی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان دەکەین کە ئەوە دەبێتە پێشینەی کارەکانمان، چونکە غەدرێکی زۆر لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستانیش دەکرێت.''
ئەکرەم باسی لەوەش کرد: ''جگە لەوەش کار دەکەین لەسەر ئەو یاسایانەی کە تا ئێستا لە پەرلەمان ھەن و دەرنەچوون، بۆیە ئەم جارە بەجددی کاری لەسەر دەکەین، بەتایبەتی ئەوانەی کە سوودیان بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە.''
بڵند ئیبراھیم




