فازڵ ڕەئوف: بەشێکی حزبی ھاوپەیمانی پشتگیریی کاندیدانی پارتی دەکەن

سلێمانی-KDP.info- دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حزبی ھاوپەیمانی کە پێشتر بە ھاوپەیمانیی بەرھەم ساڵح ناسرابوو، پەیوەندییان بە لایەنێکی سیاسییەوە کرد، بەشێک لە بەرپرسان و کادیرانی ئەو حزبە پشتگیریی خۆیان بۆ کاندیدانی پارتی نیشان دا.
فازڵ ڕەئوف، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی ڕاگەیاند: "بەشێک لە ئەندامانی ڕۆشنبیر و دەستەبژێری حزبی ھاوپەیمانی، پەیوەندییان بە پارتیمانەوە کردووە و مەبەست لە پەیوەندیکردنیان بە پارتیمانەوە بە مانای ئەوە نایەت کە سەنگەریان گواستووەتەوە نێو پارتی، بەڵكوو بوونەتە ھاوپەیمانی پارتی.''
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "ئەو بەشەی ھاوپەیمانی نەچوونەتە نێو یەکێتی و ھیچ حزبێکی دیکە، دەیانەوێت لە داھاتوودا خۆیان کاری سیاسی بکەن، بەڵام پەیوەندیمان ھەیە و پشتگیریی خۆیان بۆ کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشان داوە.''
فازڵ ڕەئوف ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمە وەک پارتی پێشوازی لەو ھەنگاوەی برادەرانی ھاوپەیمانی دەکەین و دوێنێ لە سلێمانی پێکەوە کۆ بووینەتەوە و جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بە ھەموو توانایەک پشتگیری لە کاندیدانی پارتیمان دەکەن.''
قائید میرۆ




