شێخ جەعفەر: پارتی کاندیدەکانی بۆ بەرگریکردن لە مافی کورد ڕەوانەی بەغدا دەکات

خانەقین -KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین گوتی، کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەچنە بەغدا بۆ ئەوەی بەرگری لە مافی کورد و پرسە نەتەوەییەکان بکەن، نەک بۆ پارە پەیداکردن، ''ھەربۆیە لە بانگەشەی خۆماندا زیاتر جەخت لەسەر دەستکەتەکانمان دەکەینەوە، نەک باسی کێشەی لایەنەکان بکەین و یەکتر بشکێنین.''
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە لەسەر داوای سەرۆک بارزانی بە شێوەیەکی جیاواز بانگەشەی خۆمان دەکەین، کە ئەویش بانگەشەکردنە بە شێوەیەکی ھێمنانە و ناچینە ناو شەڕەجوێن و ناوزڕاندن و برینی یەکتر ناکولێنینەوە و لەجیاتی یەکترشکاندن باسی دەستکەوتەکانی خۆمان دەکەین، باسی ئەوەی کە چیمان کردووە و چ دەستکەوتێکمان ھەبووە بۆ گەلی کورد، ھەر ئەوەش گرنگە، چونکە خەڵک دەیەوێت بزانێت کێ چیی بۆ خزمەتی گەلی کورد کردووە.''
بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین گوتیشی: ''ئێمە کە دەچینە ناو جەماوەر باس لەوە دەکەین ئەو کاندیدانە ڕەوانەی بەغدا دەکەین بۆ ئەوەی بەرگری لە مافی گەلی کورد بکەن و کار بۆ پرسە نەتەوەییەکان دەکەن، نەک بۆ پارەپەیداکردن.''
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا باسی لەوەش کرد: ''بانگەشەی ئێمە زۆر بەھێمنانە بەڕێوە دەچێت و ناوچەکانی ئێمەش ھەندێک ھەستیارە، بەھۆی ئەوەی دەسەڵاتی ناوچەکە لەدەست ئێمەدا نییە، بەڵام جەماوەرێکی زۆر باشمان ھەیە و ئەم جارە دۆخمان لە ھەڵبژاردنی ڕابردوو باشترە و زیاتر دەنگ بەدەست دێنین.''
شێخ مستەفا باسی لەوەش کرد: ''لە سنووری خانەقین دوو کاندیدمان ھەیە و کار دەکەین بۆ ئەوەی ھەردوو کاندیدەکەمان سەر کەون، چونکە ئومێدمان ھەیە کە کاندیدەکانمان سەر کەون.''
بڵند ئیبراھیم




