٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كاكەییەكانی هەڵەبجە بۆ KDP: به‌ دڵ خۆشیه‌وه‌ دەنگ بە كاندیدی پارتی دەدەین

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- كاكەییەكانی هەڵەبجە دەڵێن: "دەنگمان بۆ پارتی و كاندیدەكەیەتی، چونكە ئەو حزبە بووەتە چەتری پێكەوەژیانی هەموو پەیڕەوانی ئایینەكان و دڵنیاین پارتی لە بەغدا بەهێز بێت، هەموو مافەكانی كاكەییەكان پارێزراو دەبن". داواش دەكەن لە هەموو كوردستاندا كاكەییەكان دەنگ بە كاندیدانی پارتی بدەن.

زینۆ كاكەیی لە پارێزگای هەڵەبجە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "ئێمە وەك كاكەییەكانی پارێزگای هەڵەبجە، دەنگمان بۆ كاندیدی ژماری 22 لە بازنەی سێ دكتۆرە (ئەشواق جاف) كاندیدی پارتییە، ئێمە دەزانین پارتی حزبی پێكەوەژیان و پارێزەری مافی هەموو پێكهاتە و ئایینەكانە، پارتی بە یاسا مافی پێكهاتەكانی پاراستووە، كورسیی كۆتاكانی بۆ داناون لە حكوومەت و پەرلەمان كاكەیی ڕۆڵیان پێ دراوە، ئێمە وەك كاكەییەكان خۆمان بە قەرزداری پارتی دەزانین، هەر پارتیش خاوەنی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان و پێكەوەژیانە".

"پارتی هەروەكچۆن لە پەرلەمانی كوردستان زۆرینە بوو یاسای كەمایەتییەكانی دەرچوواند، لە بەغداش دەنگێكی زوڵاڵی هەبێت و كورسییەكانی زۆر بێت، پارێزەرێكی باش دەبێت لە مافی پێكهاتەكان، لەو شوێنەی پارتی دەسەڵاتدار بێت، كاكەیی و ئێزدی و مەسیحی و ئاشوورییەكان بە ئازادی دەژین، داواش لە هەموو كاكەییەكان دەكەم دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی بدەن". زینۆ كاكەیی وای گوت.

ڕێژین بارزان، كچە كاكەیی و چالاكی مافەكانی ئافرەتان لە هەڵەبجە، لای خۆیەوە گوتی: "ئێمە دەنگ بە كاندیدی پارتی دەدەین، چونكە تاكە حزبە بتوانێت خزمەت بە هاووڵاتیان بكات و بەهێزبوونی پارتیش بۆ ئێمەی كاكەیی زۆر باش دەبێت و ئازاد دەبین لە پەیڕەوكردنی ئایینەكەمان، داواش لە هەموو كاكەییەكانی هەڵەبجە دەكەم ڕۆژی دەنگدان دەنگ بە پارتی بدەن".

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ڕێژەیەكی بەرچاو لە كاكەییەكان لە پارێزگای هەڵەبجە پەیوەندییان بە ڕیزەكانی پارتییەوە كردووە، بۆیە گەشبینین لەم هەڵبژاردنە كاكەییەكان جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی تر دەنگ بە پارتی دەدەن".

قەیسەر لەتیف، مامۆستا لە پارێزگای هەڵەبجە، دەڵێ: "كاكەییەكان هەست و سۆزیان لەگەڵ پارتی و كاندیدەكەیەتی و دەنگ بە پارتی دەدەن، تاكو لە بەغدا داكۆكیكاری مافی گەلی كورد بن، لە ڕۆژی دەنگداندا بە دڵێ خۆش ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان دەكەین و دەنگ بە كاندیدی پارتی دەدەین".

گوتیشی: "پارتی نەك تەنها پارێزگاری لە ئایینی كاكەییەكان دەكات، بەڵكو لە ژێر چەتری پارتیدا هەموو پێڕەوانی ئایینەكان بە سەربەرزی ئایینی خۆیان پەیڕەو كردووە، هەرگیزیش هەستمان بەوە نەكردووە لە كوردستان كە پەیڕەوی ئایینی كاكەیین و بە پلە دوو تەماشا كرابین، پارتی هەموو ئایینەكان بە یەك چاو تەماشا دەكات و ئەوەش بەرهەمی پێكەوەژیانی ئایینەكانە".

 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار