٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری ناوخۆ: پێداویستییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئامادە کراون

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند پێکهێنانی ئەم ئیدارەیە ویستی خەڵکی سنوورەکە و بەڵێنیی سەرۆک بارزانییە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردی بە بڕیار و جێبەجێی کرد.

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ شەرەفێکی مەزنە کە هەموان لە کەرنەڤاڵی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا بەشدار دەبین و داخوازی خەڵکی زاخۆ و بەڵێنیی جەنابی سەرۆک بارزانی-یە کە لەسەر دەستی جەنابی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو بە بڕیار و ئەمڕۆ بە فەرمی ڕادەگەیەندرێت و لە هەموو خەڵکی سنوورەکە پیرۆز بێت".

ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پرۆسەی بڕیاردان و پێکهێنانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هەر لە سەرەتای کابینەی نۆیەمدا کە دەستبەکار بوو و بەرنامەی حکوومەت کە لەلایەن رێزدار مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندراو، یەکێک لە پلانە سەرەکییەکان ئەوە بوو کە خزمەتگوزاری و دەسەڵاتەکان لە ناوەندی پارێزگاکانەوە بگوزارێنەوە بۆ قەزا و ناحییەکان و بە کردەوە و ڕاستەوخۆ جەنابی سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتیی ئەم پرۆسەیەی کردووە و بەرلەوەی ئەو بڕیارە دەربچێت لە کۆبوونەوەی ژمارە 62 لە ڕێکەوتی 28ی تەمووزدا بڕیاری لەسەر درا و بەر لەوەش فەرمان بە ئیدارە  و وەزارەت و لایەنە پێوەندیدارەکان درا کە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زەمینەی بۆ بڕەخسێندرێت، بۆیە پێش چەند هەفتەیەک بڕیاری بە قەزابوونی باتیفا دەرکرا، هاوکات بڕیار لەسەر ناحیەی بێگۆڤا-ش درا".

وەزیری ناوخۆ ڕاشیگەیاند: "پاش ئەوەی ئەو بڕیارە دەرکرا، لێژنەیەک پێکهات کە جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی دەکرد کە ئەو پێداویستییانەی کە پێویستن بۆ ئیدارەی سەربەخۆ، هەروەک چۆن بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دیاری کران، بۆ ئەم ئیدارەیەش بڕیاریان لەبارەوە درا، بۆیە هەموو پێداویستی و هاوکارییەکان دابین کران".

گوتیشی: "هەر بۆ ئەم مەبەستە دوێنێ شەممە وەجبەیەکی ئۆتۆمبێل بۆ ئیدارەی سەربەخۆ گەیشتە زاخۆ، کە دیاریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن و ئێمەش ڕاسپێردراین کە لەگەڵ دامەزراوە و وەزارەتە جیاوازەکان ئەم بڕیارە بە زووترین کات جێبەجێ بکرێت و ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆ، پرۆسەیەکی زۆر مەزنە و جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەش کار و پرۆسەیەکی دیارە و داوا لە ئیدارەی سەربەخۆ دەکەم کە هەم سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و هەم پارێزگاری دهۆک و هەم خەڵکی قەزا و ناحییەکانی دیکە دەست لەناو دەستی یەکتر کار بکەن، هاوکات ئەو لایەنە سیاسییانەی کە لێرە بەشدارن داواکارین هەموویان هاوکاربن کە ئەم ئیدارەیە کارەکانی خۆی ڕایی بکات".

ڕێبەر ئەحمەد جەختی لەوەش کردەوە: "پێداویستییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئامادە کراون و لە داهاتوویەکی نزیکدا چەندین فەرمانگە و دامەزراوە سەر بە وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەکرێنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار