٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ میرانی: بانگەشەی نەرم لە باسكردنی یەكدی باشترە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ، بانگەشەی نەرم لە باسكردنی یەكدی باشترە. هاوكات سەبارەت بە پۆستی سەرۆككۆماریش جەختی لەوە كردەوە، كە پۆستی كوردە و دەبێ كورد لەسەر كاندیدێك رێك بكەوێت.

فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ مێدیاكان رایگەیاند، ئەنجامدانی بانگەشەی نەرم لە باسكردنی یەكدی باشترە، ئەوان باسی خۆیان بە باشی دەكەن و باسی كەس و لایەنی دیكە ناكەن، ئاماژەی بەوەش دا، خەڵكانێك دەڵێن پارتی وایە و پارتی ئەوەیە، لە راستیدا پارتی وا نییە، با باسی خۆیان بكەن و بزانرێت، كە خۆیان چییان كردووە، با بۆ رای گشتی روون بكەنەوە، ئیدی خەڵكی خۆیان حوكم دەدەن، جەختیشی لەوە كردەوە، كە وەڵامی ئەو كەس و لایەنانە نادەنەوە.

سەبارەت بە پرسی پۆستی سەرۆككۆماریش، میرانی ئەوەی دووپات كردەوە، كە ئیستیحقاقی كوردە و كوردەكان لە نێوخۆیاندا رێكدەكەون، وەكچۆن شیعەكان لە نێوخۆیاندا بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران و سوننەكانیش بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران رێكدەكەون. هیوایشی خواست رێككەوتنەكان بۆ ئەو پۆستانە و دیاریكردنی كاندید بۆیان، درێژە نەكێشێ، بەو پێیەی عێراق لە بارودۆخێكی باشدا نییە.

راشیگەیاند، وەك پارتی، كاندیدیان لە كەربەلا و فەلوجە و ئەنبار هەیە و خەڵكی ئەو شوێنانەن و كەسانی لێهاتوو و خاوەن بڕوانامە و شارەزان، یەكێك لە كاندیدەكانیشیان كە عەرەبە، دكتۆرای لە زانستی سیاسیی هەیە لە ئەمەریكا، ئەوەشی بە شێوەیەك لە بیركردنەوەی پارتی گەڕاندەوە لە كاودانی جووڵەی عێراقی، كە بە پێویستی دەزانن، رەتیشی كردەوە، كە كەسانی عەشایریان كاندید كردبێ، وێڕای ئەوەی گوتی، كە رێزی بۆ خەڵكی عەشایر هەیە.

ئەوەشی روون كردەوە، كە پێشوازیی لە عەشایرە عەرەبەكان كردووە و ئەوان ئاماژەیان بەوە داوە، كە سەرۆك بارزانی دەست و ماڵی بۆ كردوونەتەوە و ئەوان منەتبارن، بۆیە ئارەزوو دەكەن دەنگ بە كاندیدی پارتی بدەن.

 

خێڵان بەختیار

 

هەواڵی پەیوەندیدار