٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان کەلاری: ھیچ لایەنێک وەک پارتی گرینگیی بە کەرتی پەروەردە نەداوە

سەرچاوە: KDP.info

پارتی لەسەر ئاستی باڵا گرینگی بە کەرتی خوێندن و پەروەردە دەدات و لە کۆتاگوتاری خۆیدا، سەرۆک بارزانی جەختی لەسەر پرسی پەروەردە کردەوە و سکرتێری یەکێتیی قوتابیانی کوردستانیش دەڵێت، ھیچ لایەنێک وەک پارتی گرینگیی بە کەرتی پەروەردە و خوێندن نەداوە.

نێچیرڤان کەلاری، سکرتێری یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە سبەی، دووشەممە ٢٠/٩/٢٠٢١، بە ئامادەبوونی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتیمان بانگەشەی قوتابیان لە مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بەڕێوە بچێت و سکرتێر ڕێنمایی و ڕێنوێنی لەبارەی بانگەشەوە ئاڕاستەی قوتابیانی کوردستان دەکات.''

سکرتێری یەکێتیی قوتابیانی کوردستان گوتی: "ھیچ لایەنێک لەسەر ئاستی عێراق وەک پارتی جەختی لەسەر گرینگیدان بە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا نەکردووە و، لە ڕۆژی ١١ی ئەیلوول و لە یەکەم بانگەشەی پارتیدا لەسەر زاری سەرۆک بارزانی جەخت لەسەر گرینگیدان بە کەرتی پەروەردە کرایەوە، ئەو جەختکردنەوەی پارتی لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە بۆ کەرتی پەروەردە و دروستکردنی تاکە و ئەمە خۆی لە خۆیدا خەمخۆریی پارتی و سەرۆک بارزانییە بۆ کەرتی پەروەردە، پارتی لە ماوەی حوکمڕانیی خۆیدا لە ھەرێمی کوردستان گرینگییەکی زۆری بە کەرتی خوێندن داوە، دوای ڕاپەڕین لە ھەرێمی کوردستان تەنیا یەک زانکۆ ھەبووە، بەڵام ئێستا نزیکەی ٥٠ زانکۆ و پەیمانگا ھەن، کە بە سەدان بەش و کۆلیژی جیاواز لە خۆ دەگرێت و لە ڕووی زیادکردنی ژمارەی قوتابخانە و نەھێشتنی نەخوێندەواری و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندەوارییەوە ھەنگاوی زۆر گەورە نراون، جگە لە دروستکردنی سەدان قوتابخانە و ئەمانە ھەموویان خزمەتن بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی زانست و خوێندەواری لە ھەرێمی کوردستان و پشکی شێری ئەو شانازییەش بەر پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەوێت.''

نێچیرڤان کەلاری ڕوونی کردەوە: "پەروەردە یەکێک لەو پرسانەی لە ھەڵبژاردنی ئەم جارەدا پارتی زۆر جەختی لەسەر دەکاتەوە و لە داھاتوودا کاری جددیی لەسەر دەکات و بۆ پرسی خوێندن ڕوو لە قوتابییە خۆشەویستەکان دەکەم و پێیان دەڵێم، پارتی چەندین مامۆستای زانکۆ و کەسایەتیی ئەکادیمیی کاندید کردووە کە دەچنە بەغدا و جگە لە داکۆکیکردن لە پرسە نەتەوەیی و سیاسییەکان کار بۆ داکۆکیکردن لە کێشەی قوتابیان دەکەن، چونکە ھێشتا بەشێکی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە ددانیان پێدا نەنراوە، زۆرێک لەو کورسیی خوێندن و زەمالە و پرۆگرامانەی عێراق لێی سوودمەند بووە، پێویستە قوتابیانی ھەرێمی کوردستانیش سوودمەند ببن و نوێنەرانی پارتی لە بەغدا بۆ چوار ساڵی داھاتوو زۆرترین کار بۆ قوتابیانی ھەرێمی کوردستان و پرسی خوێندن دەکەن.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار