خەڵکی شێخان: پارتی پشت و پەنامانە

شێخان-KDP.info- خەڵکی شێخان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە وای دەبینن کە پارتی خۆی لە شێخان و ناوچە کوردستانییەکانی تر کردووەتە خاوەن و پارێزەری پێکهاتەکان هەر پارتی بووە، بۆیە دەیانەوێت ئەو پێکەوەژیانە درێژە بكێشێت و دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن.
عیسا نسری، کەسایەتیی شێخان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: ''دەبێ هەموو خەڵک ئەوەیان لەبیر بێت کە کاتێک تەعریب لەم ناوچانە دەکرا و خەڵک ئازار دەدرا و هەموو سووکایەتییەک بە خەڵکی ئێرە دەکرا، پارتی هات و نەیهێشت خەڵک لەژێر ستەمدا بێت و ناوچەکەی ئاوەدان کردەوە و هەموو کار و خزمەتگوزارییەکی بۆ ناوچە کوردستانییەکان و بەتایبەت شێخان هێنا.''
ئەو بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بە هەوڵ و کۆششی پارتی، وانەی ئایینیی پێکهاتەکان لە خوێندنگەکانی ناوچەکانی پێکهاتەکان خوێندرا، چونکە پارتی بڕوای بە ئازادیی ئایینی و فرەئایینی هەیە و سەرۆک بارزانی هەمیشە دەڵێت، دەبێ پێکهاتەکان وەک خۆیان مومارەسەی بیر و باوەڕی خۆیان بکەن و هەموو کەس ئازادە، بۆیە پارتی هەموو جارێک پشتیوان و پاڵپشتی پێکهاتەکان و خەمخۆری کوردایەتییە.''
هاشم لەتیف، کەسایەتیی دیاری ئێزدییان لە قەزای شێخانی دەشتی نەینەوا، دەڵێت: ''پارتی هەمیشە لەنێو خەڵکدا بووە و لە کاتی هاتنی داعشدا پارتی بە سەرۆک و سەرکردایەتییەوە لەنێو جەنگدا بوون بۆ ئەوەی ئەم قەوارەیە نەکەوێت و پارتی خۆی بە خاوەنی هەرێمی کوردستان دادەنێت و لە بەرپرسیاریەتی ڕا ناکات و خۆی کردووەتە قەڵغان بۆ گەلەکەی.''
ناوبراو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پارتی پارێزەری پێکهاتەکانە لە هەموو شۆڕش و سەرهەڵدانێکدا و بەشداری بە هەموو چین و توێژەکان دەکات و لە کاتی خۆشیشدا پارتی خەڵک لەبیر ناکات، بۆیە خەڵک متمانەی بە پارتی هەیە، چونکە پارتی دەتوانێت پێکهاتەکان بپارێزێت و بینیمان لە کاتی ئازادکردنی شنگالدا پارتی و خودی سەرۆک بارزانی لە بەرەی پێشەوەی شەڕدا بوون و توانییان شنگال لەدەست داعش ڕزگار بکەن.''
'' زۆر لایەن هەن، بەڵام بەدیلی پارتی نین، چونکە پارتی شەڕ بۆ نەتەوە و نیشتمان دەکات، کورد لە هەرشوێنیک بێت، پارتی خۆی لێی دەکاتە خاوەن، خەڵکیش گەیشتە ئەو قەناعەتەی ئەگەر پارتی بەهێز بێت، کەواتە هەرێمی کوردستان و کوردیش لە هەموو جیهان بەهێز دەبن.'' هاشم وای گوت.
هاوکات حەسەن مەحموود ئێزدی، کەسایەتیی ئێزدی لە قەزای شێخان، دەڵێت: ''پارتی بەرنامەیەکی ڕاست و دروستی هەیە و دیماگۆگی لە ڕایگەیاندندا نییە و هەمووی دیفاکتۆیە و هەر لە دەستپێکی دامەزراندنی پارتییەوە تا ئێستا درووشمێکی واقعبینانەی بەرز کردووەتەوە؛ لە شۆڕشی ئەیلوولدا دیموکراسی بۆ عیراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان، لەدوای سەرهەڵدانی پیرۆزەوە، فیدراڵییەت درووشمی پارتی بووە و هاتووەتە چەسپاندن و تا ئێستاش بەردەوامە، لەدوای ساڵی ٢٠٠٣شەوە پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی نێوخۆ و دەرەوە بەهێز بووە، کردنەوەی چەندین کۆنسوڵخانە و سەردانی چەندین سەرۆک و سەرکردەی وڵاتە عەرەبییەکان و وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا هاتنی پاپای ڤاتیکان کە پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا، هەمووی بەهۆی بەهێزیی پێگەی سیاسی و دیپلۆماسی پارتی بووە.''
ئەو بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: ''پارتی گرنگییەکی گەورە بە کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانی تر دەدات، ئەوەی پارتی لە حزبەکانی تر جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە پارتی بووەتە چەتری پێکهاتەکان، بۆ نموونە لە بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا بە ئامادەبوونی سەرۆک و سەرکردایەتیی پارتی، گوتار و بەرنامەی پارتی لەلایەن کوردێکی ئێزدییەوە خوێندرایەوە و ئەمە خۆی لە خۆیدا گرنگی دەدات بە کوردانی ئێزدی لەلایەن پارتییەوە لە هەرێمی کوردستاندا و پارتی بەکردار کار دەکات، نەک بە درووشم، بۆیە خەڵک متمانەی بە پارتی و ڕێبازی بارزانی هەیە.''
کـاروان بــاعەدری




