ھۆزە عەرەبەکانی بەغدا دەنگ بە کاندیدانی پارتی دەدەن

بەغدا_KDP.info_ کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا دەڵێت، بەھۆی ئەوەی لە بەغدا ھیچ خزمەتێکی ناوچەکان نەکراوە و خەڵکەکەی زۆر نیگەرانن، بۆ ئەم ھەڵبژاردنە بڕیاریان داوە دەنگ نەدەن بە کاندیدەکانی بەغدا و پشتگیری لە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، بۆیە زۆرینەی ھۆزەکانی عەرەب پشتگیرییان بۆ کاندیدانی پارتی دووپات کردووەتەوە و دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن.
جاسم محەمەد، کاندیدی ژمارە ٥٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی شەشی بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتی: ''خەڵکی بەغدا بەھۆی گەندەڵییەوە لە دەسەڵاتی بەغدا تووڕەن و نایانەوێت دەنگ بە ئەوان بدەن و پشتگیری لە کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، چونکە دەزانن پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە پاڵپشتی لە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان دەکات، بۆیە ئەم جارە ئێمە کێبرکێیەکی باشی کاندیدەکانی دیکە دەکەین و ئەم جارە دەنگی زۆر بەدەست دێنین و لە بەرژەوەندیی ئێمە دەبێت و تەنھا بەشدار نابین و کاریگەریی زۆرمان دەبێت.''
جاسم محەمەد گوتیشی: ''ڕاستە کورد کەمە، بەڵام ئەم جارە تەنھا کورد نییە، بگرە ھۆزە عەرەبەکانیش دەنگ بە پارتی دەدەن، چونکە ئەم جارە نەک تەنھا بەشدار دەبین بگرە منافسێکی بەھێزی لایەنەکان دەبین، لەبەر ئەوەی زۆرینەی ھۆزە عەرەبەکان پشتگیری لە ئێمە دەکەن و نەک ئێمە داوامان کردووە، بگرە خۆیان کۆڕ و سیمینارمان بۆ ڕێک دەخەن و داوا دەکەن بچین سەردانیان بکەین و پشتگیریمان دەکەن.''
گوتیشی: ''من لە ناوچەی کیفاح لە بەغدا کە نیوەی کوردە و نیوەی عەرەبە و پشتگیریی باشمان دەکەن؛ لەوانە ئالبودەرا و ھۆزی دلێم و ھۆزی ئالبومحەمەد و ھۆزەکانی دیکەش کە لە ناوچەکە ھەن ھەموویان پشتگیریی ئێمە دەکەن و ئێمەش دەبینە نوێنەری ڕاستەقینەی ئەوان لە پەرلەمان و کار بۆ نەھێشتنی گەندەڵ و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەکانیان دەکەین، چونکە زۆر دڵخۆشن بە پێشکەوتنی کوردستان و زۆریش کەیفیان بە سەرۆک بارزانی دێت کە دەزانن چەندە خەمخۆری ھەموو خەڵکە.''
بڵند ئیبراھیم




