٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وردەکاریی پێکهێنانی دوو لیوای ھاوبەش بۆ ناوچە کوردستانییەکان

سەرچاوە: KDP.info

کەرکوک -KDP.info- بەرپرسی میحوەری کەرکووک-پردێی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان گوتی، دوو لیوای ھاوبەش بۆ ناوچە کوردستانییەکان ئامادە کراون و ئامر لیوای ھەردوو لیواکە کوردن و لە ناوچە کوردستانییەکان بڵاو دەکرێنەوە و بە دانانی ئەو دوو لیوایە لەو ناوچانە چیی تر ناتواندرێت ھێرش بکرێتە سەر ھەرێمی کوردستان.

بەرپرسی میحوەری کەرکووک-پردێی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، نووری حەمەعەلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوو لیوا بۆ ناوچە کوردستانییەکان پێک دەهێنرێن و دەچنە ئەو شوێنانەی کە مەترسیی ئەمنیی لەسەرە و بۆ دژایەتیکردنی تیرۆرە و بۆ پارێزگاریکردنی خەڵکەکەیە بێ جیاوازی کە لیوای یەک و لیوای دووە، یەکێک بۆ سنووری کەرکووکە تا خانەقین و ئەوەی تریش لە خازر تا دەگاتە بەنداوی مووسڵ''.

نووری حەمەعەلی گوتیشی: "لیواکان ئامادەن و تەنھا چاوەڕێی ئەوە دەکەن دەستبەکار بن و ھەردوو ئامرلیواکانیش کوردن و دابەشکردنی ھێزەکانی بەو جۆرەیە کە چوار فەوجی کورد و چواری عەرەبە و تێکەڵ دەکرێن و پێکەوە پارێزگاری لەو ناوچانە دەکەن.''

حەمەعەلی باسی لەوەش کرد: ''لای  ئێمە لە میحوەری پێنج و شەش دوو فەوج لەوێ دەبێت، بۆ ئەوەی ڕێگری لەو ھێرشانە بکرێت کە دەکرێتە سەر ھەرێمی کوردستان، ئومێدمان ھەیە چیی تر ھێرش نەکرێتە سەر ھەرێمی کوردستان، بۆیە پێکهێنانی ئەو دوو لیوایە زۆر گرنگە و پارێزگاریی باش لەو ناوچانە دەکات و ڕێگە نادات ھیچ ھێزێکی دیکە ھیچ کارێک بکات، بەبێ ئەوان و ئەوان ڕێگری دەکەن.''

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار