٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی ٢١: دەروێشانە کار ده‌كه‌ین.. ئومێدمان بۆ سەرکەوتن زۆرە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- لە سنووری دەوروبەری سلێمانی پارتی رۆژانە گردبوونەوەی جەماوەری بۆ کاندیدانی بەڕێوەدەبات و بەرپرسی لقی ٢١ی دەوروبەری سلێمانیش دەڵێ، گەشبینین بە ھەڵبژاردنی ئەمجارە و کەشی ھەڵبژاردن لەدەوروبەری سلێمانی گونجاوە.

رزگار سارتکەیی، بەرپرسی لقی ٢١ی پارتی لە سلێمانی، "بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "بەپێی پلانێکی ئامادەکراو بانگەشەی پارتی لە سنووری لقی ٢١ی پارتی بەڕێوەدەچێت، کە زیاتر ناوچەکانی دەوروبەری شاری سلێمانی لەخۆ دەگرێت و سنووری لقی ٢١ دابەشکراوە بەسەر نۆ بازنە و ھەر بەرپرسێکی لقی تیمێکی پێکھێناوە و سەرپەرشتی سنووری خۆی دەکات، ھەر رۆژە و لەناوچەیەکی دەوروبەری سلێمانی بانگەشەی پارتی بەشێوەی گردبوونەوەی جەماوەری بەڕێوەدچێت و بڕیارە نۆ ئاھەنگی بانگەشە ئەنجامبدین.

بەرپرسی لقی ٢١ی پارتی دەشڵێت، "گەشبینین بە ھەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق و دەنگی پارتی، ھەرچەندە ھێشتا زووە بڕیاری کۆتایی لەسەر دەنگدان بدەین، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لەکەشی ھەڵبژاردن رازین وەک سنووری لقی ٢١ی سلێمانی و ئومێدمان زۆرە بۆ سەرکەوتن.

رزگار سارتکەیی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "کادیر و ئەندامانی پارتی لەسنووری سلێمانی دەروێشانە کار بۆ کۆکردنەوەی دەنگ دەکەن بۆ کاندیدی خۆیان، ئێمە ماڵ بەماڵ دەکەین تا زۆرترین دەنگ بۆ کاندیدی سنووری خۆمان کۆ بکەینەوە، نایشارینەوە خەڵکی پارتی ھەیە گلەیی ھەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆ رۆژی دەنگدان پێکەوە کار بۆ سەرخستنی پارتی دەکەین و ئەنجامی ھەڵبژاردن دڵخۆشکەر دەبێت بۆ پارتیەکان.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار