٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پارتی داکۆکی لە مافە سیاسی و کەلتوورییەکانی پێکھاتەکان دەکات"

سەرچاوە: KDP.info

پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلانی چوار ساڵی داھاتوودا کار بۆ داکۆکیکردن لە مافە سیاسی و کەلتوورییەکانی پێکھاتەکان دەکات و نوێنەرێکی تورکمانیش دەڵێت، لە سایەی دەسەڵاتی پارتی و سیاسەتی سەرۆک بارزانیدا زۆرێک لە مافەکانیان فەراھەم کراوە.

سارا چاوشلی، نوێنەری تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەدوای ڕاپەڕینەوە گەلانی تورکمان و کلد و ئاشوور و سریان لە سایەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا توانیویانە بەشێکی زۆری مافە سیاسی و کەلتوورییەکانیان بەدەست بێنن و دەیان حزبی سیاسی و دەیان ناوەندی ڕۆشنبیری و کەلتووری دامەزراون و، خوێندن بە زمان دایک فەراھەم کراوە و چالاکیی سیاسی و ڕۆشنبیری و ئابووری دەرفەتی زۆر باشیان بۆ خەڵکی ئێمە لە ھەرێمی کوردستان ڕەخساندووە.''

نوێنەرەکەی تورکمان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لە ھەرێمی کوردستان نوێنەرمان لە دەزگای پەرلەمان و حکوومەت و زۆربەی شوێنە پێویستەکان ھەیە، بەڵام خوازیار بووین ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان بە پێداگریی سەرۆک بارزانی لە پەرلەمانی عێراقیش کۆتا بۆ تورکمان ھەبێت، پارتی ھەمیشە یەکێکە لەو ھێزانەی داکۆکی لە مافی پێکھاتەکان دەکات.''

سارا چاوشلی دەشڵێت: "مافەکانی گەلانی تورکمان و کریستیان لە چوارچێوەی باوەڕی بەھێزەی سەرۆک بارزانی بە مافی ھەموو گەلێک چەسپاوە و، ئێمەش تێیدا سوودمەند بووین و، ھیوادارین بۆ چوار ساڵی ئایندەش پارتی زیاتر کار بۆ دابینکردنی مافی پێکھاتەکان بکات تاکوو بتوانین پێکەوە بەبێ جیاوازی لە وڵاتێکدا بژین کە چارەنووسی ھەموومان یەکە و بۆچوونی سیاسی و ئایینی، کاریگەریی لەسەر بنەما نیشتمانی و گشتییەکان نابێت.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار