لە ناوچە کوردستانییەکان ٦٠ ھۆزی عەرەب دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن

مووسڵ -KDP.info- گوتەبێژی ھۆزە عەرەبەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بەھۆی ئەوەی پارتی گرنگیی زۆری بە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان داوە، تا ئێستا ٦٠ ھۆزی عەرەب خۆیان یەکلایی کردووەتەوە و دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن.
شێخ مزاحم ئەلحویت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پارتی دیموکراتی کوردستان گەورەترین خزمەتی بە عەرەبەکانی ناوچە کوردستانییەکان کردووە و بەگشتی ھەمیشە بەرگریی لە عەرەب کردووە، بەڵام نەک تەنھا عەرەب، بگرە بەرگریی لە هەموو پێکھاتەکانی دیکەش کردووە و ھەرێمی کوردستان لەژێر حوکمڕانیی پارتیدا بووەتە شوێنی پێکەوەژیان و لەناو کاندیدەکانی پارتیدا چەندین کاندیدی عەرەب ھەیە و ئەوەش جێگەی شانازییە بۆ ئێمە وەکوو عەرەب.''
گوتەبێژی ھۆزە عەرەبەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ''لە ھەموو ناوچە کوردستانییەکان ٦٠ ھۆزی عەرەب ئامادەیییان نیشان داوە بۆ ئەوەی دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن وەکوو وەفایەک بەرانبەر بەو کارەی کە سەرۆک بارزانی و پارتی لە کاتی تەنگانەدا بۆ عەرەبیان کردووە و لەو کاتانەدا کەس باوەشی بۆ ئەوان نەکردووەتەوە جگە لە پارتی و ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئەرکی ئێمەشە دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەین.''
بڵند ئیبراھیم




