کاندیدێکی پارتی: ئەرکی پارتی گرەنتیکردنی دوارۆژی ھاوڵاتیانە

دهۆک -KDP.info- لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی مانگی داھاتوودا کاندیدانی پارتی لە دھۆک بەردەوامن لە بانگەشە و، کاندێکی پارتییش دەڵێت، پەیامی سەرۆک بارزانی کاریگەریی لەسەر خەڵکی کوردستان زۆرە.
ئەڤین سەلیم مزووری، کاندیدی ژمارە ٢٥ی پارتی لە بازنەی یەکی دھۆک-ئامێدی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یەکێک لە ئەرکەکانی ئێمە جێبەجێکردنی پلانی ستراتیژیی نیشتمانیی پارتییە و، لەبەر ئەوە ھەموو کارێکمان بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەبێت، چونکە خەڵکی ئێمە شایستەی ژیانێکی باشترن و ئەرکی ئێمەیە وەک پارتی دواڕۆژی ھاووڵاتییان لە ڕووی ئارامی و خۆشگوزەرانییەوە گەرەنتی بکەین.''
کاندیدەکەی پارتی گوتی: "ئەگەر متمانەی خەڵکی سنووری دھۆک-ئامێدی بەدەست بێنین، ئەوە درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین بۆ بەرگری لە خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی فراکسیۆنی پارتی لە خولی داھاتووی پەرلەمانی عێراقدا و ھەریەکێک لە ئێمە بەگوێرەی پسپۆڕیی خۆی ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات.''
ئەڤین سەلیم مزووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەردەوام خەڵکی کوردستان متمانەی بە پارتییە و لە ڕەوشی زۆر ناخۆشدا جەماوەری کوردستان ھەڵوێستی پارتییان لەبەرچاوە، ئەوەش وای کردووە خەڵکی ئێمە زۆر ڕێز لە کاندیدانی پارتی دەگرن، بەتایبەتی دوایین پەیامی سەرۆک بارزانی لە ڕۆژانی ڕابردوودا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر خەڵکی کوردستان داناوە و ئەوەش زیاتر ھانمان دەدات خۆمان بە خزمەتکاری خەڵکی کوردستان بزانین.''
قائید میرۆ




