پێگەی پارتی لە ئاستی جەماوەری و دیپلۆماسییدا

پارتی دیموكراتی كوردستان تا دێت ده‌بێته خاوه‌نی نفووزی جه‌ماوه‌ریی زیاتر و جێگای باوه‌ڕی خه‌ڵكی كوردستان و، ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و كوردستان ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه پارتی متمانه‌پێكراو‌ی خه‌ڵكی كوردستانە.
سه‌رۆك بارزانی له دوایین گوتاری خوی‌دا بۆ دەستپێکی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی كاندیده‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "له هه‌ڵبژاردنی ڕابردوودا پارتی نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم، به‌ڵكوو له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو عێراق بوو به حزبی ژماره یه‌ك، بێگومان ئه‌مه ئه‌نجامی ماندووبوون و زه‌حمه‌تی قیاده و كادیر و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی پارتی بووه، به‌ڵام له‌بیرتان نه‌چێت، پاداشتی گه‌لی كوردستانیش بوو بۆ پارتی و بۆ هه‌ڵوێسته نه‌گۆڕ و نه‌ته‌وه‌یییه ڕاست و دروسته‌كانی پارتی.''
سەرۆک بارزانی ڕاشیگه‌یاند: ''ئومێده‌وارم ئه‌م جاره‌ش پارتی هه‌روا به سه‌ركه‌وتوویی له‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌ربچێت و هه‌ر به حزبی ژماره یه‌ك بمێنێته‌وه، هه‌موو حزبێكیش هه‌قی خۆیه‌تی هه‌وڵ بدات حزبی یه‌كه‌م بێـت و ئه‌و حه‌قه هی پارتییشه بێگومان، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه ئه‌و سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وتانه بپارێزین، داوا ده‌كه‌م هه‌موو ڕێكخستنه‌كانی پارتی به جۆشوخرۆشێكی تازه‌وه بێنه مه‌یدان و داوا له هه‌موو كادیر و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی پارتی ده‌كه‌م، هه‌موویان دڵسۆزانە له هه‌ڵبژاردندا به‌شدار بن، چونكه هه‌ڵبژاردنێكی چاره‌نووسسازه.''
پارتی دیموكراتی كوردستان له ساڵی 1992وە تا ئێستاش حزبی یه‌كه‌می كوردستان بووه و له دوایین هه‌ڵبژاردنیشدا بوو به حزبی یه‌كه‌می عێراق و، هه‌ڵكشانی جه‌ماوه‌ری پارتی، هه‌ڵبژاردن دوای هه‌ڵبژاردن زیاتر بووه.
ئێستا پارتی به 45 كورسیی په‌رله‌مانی كوردستان و 26 كورسیی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له مه‌یدانه‌كه‌دایه و ئاماده‌كارییشی بۆ هه‌ڵبژاردنی 10ی 10ی ئه‌مساڵ دڵخۆشكه‌ره، چونكه لایه‌نگرانی پارتی به جۆشوخرۆشه‌وه به‌شداری ده‌كه‌ن و، چه‌ند هۆكارێك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی پارتی به به‌رده‌وامی له گه‌شه‌كردن و به‌هێزیدا بمێنێته‌وه.
عه‌لی حوسێن، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی گوتی: "پارتی دیموكراتی كوردستان خه‌باتی بۆ هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان بووه و له هه‌ر شوێنێك له پارچه‌كانی كوردستان پێویستیان به پارتی بووبێت، پارتی هاوكاریی كردوون، چونکە پارتی حزبێکی ڕه‌سه‌نە و به‌هێزترین حزبی درێژكراوه‌ی شۆڕشی ئه‌یلووله كه به به‌هێزی تا ئێستا له ناوچه‌كەدا ماوه‌ته‌وه و سه‌رۆك بارزانی داینه‌مۆی ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه بووه و له ئاستی جیهان و وڵاتانی دراوسێ و عه‌ره‌بییشدا سه‌رۆك بارزانی خاوه‌نی پێگه‌ی خۆیەتی و پارتی حزبێكه باوه‌ڕی به پێكه‌وەژیان و جیاوازی هه‌یه، كاتی خۆی پارتی دیموكراتی كورد بووه، به‌ڵام دواتر له‌به‌ر خاتری پێكهاته‌كان و ڕێزگرتن بۆ نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان گۆڕدرا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و به هه‌زاران خه‌باتگێڕ و شۆڕشگێڕی نه‌ته‌وه و ئایینه جیاوازه‌كان له‌ناو ڕیزه‌كانی پارتیدا بوون و پارتی چه‌تری كۆكەره‌وه و پارێزگاریكردن له پێكهاته‌كان بووه و ئه‌وه وای كردووه كه خه‌ڵك له ئیداره‌دانی ڕازی بن و، پارتی ڕێزی لە ده‌نگه جیاوازه‌كان گرتووه و سیاسه‌تی پارتی له حكوومه‌تیش ئاوه‌دانی بووه، دەبینن له سنووری هه‌ولێر پێشكه‌وتنی ته‌واو به‌رچاو هه‌بووه و ئه‌و شوێنه‌ی ده‌ستی پارتی گه‌یشتووه‌تێ، خزمه‌تی كردووه و عه‌قڵیه‌تی پارتی سازشی له‌سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌ییش نه‌كردووه و باجه‌كه‌یشی هەرچەندێک بووبێت، داویەتی.''
گوتیشی: "زۆر عه‌قڵیه‌ت هه‌بوون پێیان وابوو پارتی له‌ناو ده‌چێت و زۆر پیلان و به‌رنامه هه‌بوون بۆ له‌ناوبردنی پارتی، به‌ڵام پارتی به‌هێزتر بووه، دڵنیا بن پارتی قه‌ت له‌ناو ناچێت و ناشكێت و خاوه‌نی هێزێكی جه‌ماوه‌ریی فراوان و ڕابردوویه‌كی پاكه، بۆیه تا دێت خه‌ڵك له ده‌وره‌ی كۆ ده‌بنه‌وه.''
ڕاشیگه‌یاند: ''له به‌غدا پارتی داكۆكیكه‌ری سه‌رسه‌ختی مافه‌كانی گه‌لی كورد بووه و له هه‌موو كۆبوونه‌وه و دانیشتنه سیاسییه‌كاندا جه‌ختمان لەسەر مافه‌كانی گه‌لی كوردستان كردووه‌ته‌وه و پارتی توانای ئیداره‌دانی كوردستانی هه‌یه و به عه‌قڵیه‌تی گشتگیری سیاسه‌ت ده‌كات، هه‌ربۆیه ده‌بینن له ناوچەکانی ژێر نفووزی عه‌ره‌بدا خه‌ڵك خۆی لەسەر لیستی پارتی كاندید كردووه و ئێستا عه‌قڵیه‌تێك سەری هەڵداوە کە پێی وایە كلیلی كردنه‌وه‌ی گرفته‌كان گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ بۆچوونه‌كانی سه‌رۆك بارزانی، هه‌ربۆیه له ماوه‌ی ڕابردوودا زۆرێك له سه‌ركرده عێراقییه‌كان سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی‌یان كرد، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه پارتی به‌م هه‌موو باکگراونده‌وه ئێستا ده‌چێته هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه و ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی كوردستان متمانه‌یان به پارتی بده‌ن و ببێته‌وه به حزبی پله یه‌ك، هه‌م پارێزگاری له قه‌واره‌ی هەرێمی كوردستان ده‌كات و هه‌م كلیلی چاره‌سه‌ری گرفته‌كانیشه، بۆیه گرنگه پارتی به به‌هێزی له ناوچه‌كەدا بمێنێته‌وه.''
نووری حه‌مه‌عه‌لی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارتی گوتی: "سێ هۆكاری گرنگ هه‌یه بۆ به‌هێزبوونی پارتی؛ یه‌كه‌م، پارتی حزبێكی مێژوویییه و ڕیشه‌ی جه‌ماوه‌ری و ڕێكخستنی له‌ناو خه‌ڵكدا داناوه، جیا له‌وه‌ش، په‌یوه‌ست نه‌كراوه به ناوچه‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه و هه‌تا له ئاستی چوارپارچه‌ی كوردستاندا سه‌رۆك بارزانی خاوه‌نی پێگه و ڕێبازی خۆیه‌تی و ئه‌مانه هێزیان داوه‌ته پارتی کە به به‌هێزی بمێنێته‌وه. دووه‌م، پارتی خاوه‌نی قه‌زیه‌یه و خاوه‌نی بیرۆكه‌ی نوێیه، بۆ نموونه لە پرسی ڕیفراندۆمدا پارتی پێشه‌نگ بوو، هەروەها له پرسی چه‌سپاندنی فیدرالیه‌ت له ده‌ستووری عێراقدا پارتی پێشه‌نگ بوو، له پرسی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی له ده‌ستووری عێراقیشدا به هه‌مان شێوه، پارتی به‌م میكانیزمه بۆ بەئامانجگه‌یاندنی قه‌زیه‌ی كورد هه‌نگاوی زۆر گرنگی بڕیوه و هه‌وڵی زۆری داوه تاکوو بڕوا لای تاكی كورد پەیدا بكات كه به ئازادی بڵێت، من هه‌م و، سڵ نه‌كاته‌وه له ناسنامه و بوونی خۆی. سێیه‌م، پارتی عه‌قڵیه‌تێكی فراوانی دامه‌زراوه‌ییی هەیە و هاوشێوه‌ی ده‌وڵه‌تێك سیاسه‌تی كردووه، چ لە ڕووی ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌كە و چ له ڕووی دیپلۆماسی و چ له ڕووی پێشكه‌وتنی كوردستانەوە كه نموونه‌ی هه‌ولێر دیاره، ئه‌مانه کۆمەڵیک هۆكاری گرنگن كه پارتی شانازییان پێوه بكات به‌وه‌ی وه‌ك حزب مامه‌ڵه‌ی نه‌كردووه و لە چوارچێوه‌ی كاركردنیدا وه‌ك ده‌وڵه‌ت خۆی بینیوه‌ته‌وه.''
گوتیشی: "هۆكاری سه‌ره‌كیی به‌شێكی زۆری خۆشه‌ویستیی خه‌ڵك بۆ پارتی، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانییه کە خاوه‌نی كاریزمایه‌كی گرنگە و بۆچوونه‌كانی به‌هێزن و له ناوچه‌كەدا گوێ له قسه‌كانی دەگیرێت و حه‌كیمانە بڕیار دەدات و په‌یوه‌ندیی فراوانی جیهانیی هەیە و ئەمەش وای كردووه كه جه‌ماوه‌ری پارتی وه‌فایان بۆ سه‌رۆك بارزانی هه‌بێت و بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنیش پارتی هه‌ر به حزبی یه‌كه‌می عێراق و كوردستان ده‌مێنێته‌وه و ژماره‌ی كورسییه‌كانی زیاتر ده‌كات و پارتی پێشه‌نگ ده‌بێت له كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگی فراوانی جه‌ماوه‌ری".
هه‌رله‌م بارەیە‌وه، نه‌جات حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی گوتی: "پارتی له ئاستی كوردستان و عێراقیشدا حزبێكی ڕێكخراوه و ده‌توانێت زۆرینه‌ی كورسییه‌كان بۆخۆی مسۆگه‌ر بكات و پارتی قسه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ده‌بێت له پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراقدا و درووشمه‌كانی پارتی ڕوونن له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه حكوومه‌ت پێک دەهێنن کە ئه‌ویش گەڕانه‌وه‌یه بۆ ده‌ستوور و جێبه‌جێكردنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان، ئه‌م پێداگرییه‌ی پارتی له به‌غدا له‌سه‌ر مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و نه‌گۆڕینی هه‌ڵوێسته‌كانی وای كردووه کە لەلای لایه‌نه سیاسییه‌كان متمانه‌ی زیاتر به‌ده‌ست بهێنێت و ئێستا پارتی متمانه‌پێكراوترین حزبه له ئاستی جه‌ماوه‌ریدا كه هه‌ڵوێسته‌كانی نه‌گۆڕن و به‌رگری له خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات.''
ئه‌وه‌شی خسته ڕوو: ''كاریزمای سه‌رۆك بارزانی له ناوچه‌كەدا ده‌نگدانه‌وه و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زۆری هه‌بووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پارتی وه‌ك داربەڕوو نە بە سووتان و نە بە بڕینەوە لەناو ناچێت. ئه‌و ده‌ربڕینه‌ی سه‌رۆك بارزانی لەسەر ئه‌وه‌ی کە پارتی به داربەڕوو بچوێنێت، په‌یامێكی دوورمه‌ودای هه‌بوو و بابه‌تێكی زۆر قووڵی گرنگە و زۆر ڕه‌هه‌ند له خۆی ده‌گرێت و به‌شێك له په‌یامه‌كه بۆ ناوخۆ و به‌شێكی بۆ ده‌ره‌وه بوو.''
كارزانی سه‌باح هه‌ورامی




