کاندیدێکی پارتی: پارتی ھەرێمی کوردستانی کردووەتە شوێنی پێکەوەژیانی ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان

مووسڵ -KDP.info- کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی بە خاوەنی ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان دەزانێت، ھەربۆیە پارتی، ھەرێمی کوردستانی کردووەتە شوێنی ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان.
ئێخلاس دلێمی، کاندیدی ژمارە ٢٨ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی یەکی مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پارتی بە شێوەیەکی فەرمی لە ١١ی ئەیلوولەوە دەستی بە بانگەشە کردووە و لەو کاتەوە تا ئێستا بە شێوەیەکی گەرموگوڕ لە سنووری مووسڵ بانگەشە بەڕێوە دەچێت. ئێمەش بەردەوام لەناو خەڵکی خۆمانین بە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکانەوە و ئەوانەی پشتگیرییش لە ئێمە دەکەن، تەنھا کورد نین، بەڵکوو عەرەب و پێکھاتەکانی تریش پشتگیری لە ئێمە دەکەن، ئەوەش جێگەی شانازییە بۆ ئێمە کە ھەموو خەڵک پارتی بە مڵکی خۆیان دەزانن، چونکە پارتی لە ھەموو شوێنک خۆی بە خاوەنی ھەموو پێکھاتە و نەتەوەیەک دەزانێت و ھەرێمی کوردستانی کردووەتە شوێنی پێکەوەژیانی پێکھاتە و نەتەوەکان.''
ئێخلاس دلێمی گوتیشی: ''بەڵێن بە خەڵکی خۆمان لە سنووری مووسڵ دەدەین کە لە بەغدا داکۆکی لە مافەکانیان دەکەین بە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکانەوە بێ جیاوازی، چونکە پارتی حزبی ھەموو لایەکە و خۆیشی بە خاوەنی ھەمووان دەزانێت.''
دلێمی باسی لەوەش کرد: ''پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم جارە دەنگەکانی زیاد دەکات، بەھۆی ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لە سنووری مووسڵ تەعدایەکی زۆر لە پێکھاتە و نەتەوەکان کراوە، بۆیە ئەم جارە پێشبینی دەکەین دەنگ و کورسیمان زیاد بکات.''
کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای مووسڵ زیاتر گوتی: ''پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم جارە بەتەنھا بەشداریی لە ھەڵبژاردن کردووە و متمانەی تەواوی بە جەماوەری خۆی ھەیە، بۆیە گومانمان نییە ئەم جارە دەنگی پارتی زیاد دەکات و ئێمەش بەڵێن دەدەین کە دەبێنە داکۆکیکاری مافی ھەموو پێکھاتەکان و لە بەغدا کار بۆ بەدەستھێنانی مافەکانیان دەکەین.''
بڵند ئیبراھیم




