٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕۆژبەیانی: پارتی سازش لەسەر ناوچە کوردستانییەکان ناکات

سەرچاوە: KDP.info

پارتی کار بۆ گێڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەکات بەپێی دەستووری عێراق و سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بە پێداگریی سەرۆک بارزانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق جێگیر کراوە و پارتی تاکە حزبە سازش لەسەر کوردستانیەتیی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان ناکات.

جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی تا ئێستا ئێمە دەیبینین کە کار بۆ گێڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکان دەکات و بە کوردستانییان دەزانێت پارتییە، لە ڕابردوودا چەندین ڕێککەوتن کراوە لەسەر ھەرێمی کوردستان، بەڵام پارتی ئامادە نەبووە جێبەجێی بکات، چونکە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی تێدا نەبووە و پارتی ئامادە نەبووە سازش لەسەر کوردستانیەتیی ئەو ناوچانە بکات، ھەتا پارتی باجی ئەوەیشی داوە کە ئامادە نییە بەبێ ناوچە کوردستانییەکان ھیچ ڕێککەوتنێک بکات.''

سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەشڵێت: "پارتی حزبێکە کاری نەتەوەیی دەکات و لە بانگەشەی ئەم جارەدا و لە ناوچە کوردستانییەکان تەنیا پۆستەرەکانی کاندیدانی پارتی دەدڕێندرێن و دەشێوێندرێن، لەبەر ئەوەی ئاڵای کوردستانی لەسەرە، نەیارانی کورد دەزانن ئەگەر پارتی سەر کەوێت لەو ناوچانە کار بۆ گێڕانەوەی ئەو ناوچانەی کوردستان دەکات، لەبەر ئەوەی تاکە حزب لە خەمی ئەو ناوچانەدا بێت، پارتی دیموکراتی کوردستانە.''

لە پەیامی پارتی بۆ چوار ساڵی داھاتوودا هاتووە: "لە ڕێگەی میکانیزمە دەستوورییەکانەوە خەبات دەکەین لەپێناو گەڕاندنەوەی ناوچە کێشەلەسەرەکانی کوردستان، ئەویش بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و میکانیزمەکانی، لەوانەش ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و ڕاپرسی، ھەروەھا کۆتاییھێنان بە ڕەوشی ناجۆری ئەو ناوچانە و قەرەبووکردنەوەی خەڵکە خۆشەویستەکەی.''

جوان ڕۆژبەیانی ڕوونی کردەوە: "لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق بە پێداگریی سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانە ماددەی ٥٨ دیاری کرا و دواتر لەنێو دەستووری عێراقدا ماددەی ١٤٠ جێگیر کرا، ئەویش ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان بوو کە خەڵکی کوردستان دەنگیان بەو دەستوورە داوە.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار