مەسروور بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی نێردەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات

ئەمڕۆ شەممە 18ی ئەیلوولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن سەرۆکی نێردەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد .
لە دیدارەکەدا ، سەرۆکی نێردەی یەکێتیی ئەوروپا، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکیی و ئەرکەکانی نێردەکە خستەڕوو کە ئامانجیان چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە ، جەختیشی کردەوە کە ئەرکی ئەوان، تەنیا چاودێریکردنە و دەستوەردان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان ناکەن .
سەرۆکی حکومەت وێڕای نرخاندنی ڕۆڵی گرنگیی یەکێتیی ئەوروپا لە چاودێریکردنی هەڵبژاردن ، هیواشی خواست، پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئارام و دادپەروەرانە و دوور لە ساختەکاری و توندوتیژی بەڕێوە بچێت، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم . ئامادەیی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەکی پێویست، لە گەڵ نێردەی یەکێتیی ئەوروپا دەربڕی.




