سەعید پشدهری بۆ KDP: ئەو هۆكارانه پارتی له سلێمانی گەشبین کردووە

سلێمانی-KDP.info- بەپێی پلانێکی پێشتر ئامادەکراو، پارتی لە سنووری سلێمانی بەردەوامە لە بانگەشەی ھەڵبژاردن و بەرپرسێکی پارتیش دەڵێ، پێشبینی دەکەین دەنگی پارتی لە سلێمانی زیاد بکات و ھاووڵاتیانیش ئێستا و رابردووی پارتییان لە بەرچاوە.
سەعید سەلیم پشدهری، بەرپرسی لقی ٤ی پارتی لە سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی رابردووی پێداچوونەوەکان، ھەوڵمان دا پێشوەختە بەرنامەیەکی رێکوپێک بۆ کاتی بانگەشە و رۆژی دەنگدان ئامادە بکەین، ئێستا چەند رۆژێکە کەوتووینەتە جێبەجێکردنی پلانی پێشوەختەی خۆمان و رۆژانە چەندین چالاکی لە سلێمانی بەڕێوە دەچن بۆ بانگەشەی پارتی و خۆمان باش رێکخستووە".
پشدهری گوتیشی: "ئێمە چاومان لەوەیە دەنگەکان لە سنووری سلێمانی زیاد بکەن، تا ئێستاش ھیچ ئاستەنگێک بۆ بانگەشەی پارتی لە سلێمانی دروست نەبووە و ھیوادارین تا کۆتایی، بانگەشەی ھەڵبژاردن بە بێ کێشە و ئاستەنگ لە سلێمانی بەڕێوە بچێت".
بەرپرسی لقی ٤ی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "گەشبینیی پارتی بۆ زیادبوونی دەنگ و کورسی لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا، پەیوەستە بە مێژوو و خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سازشنەکردن لەسەر مافە نەتەوەییەکان و بەرھەمی جوانی دەوڵەتداری بە ھێنانەدیی کەشێکی ئارام و تێڕوانینی پارتی بۆ ئێستا و ئایندە، ئەوانە ھەموو ئێمەی گەشبین کردووە، ھاونیشتیمانیانیش ھەموو ئەوانەیان لە بەرچاوە".
قائید میرۆ




