٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا كۆبووه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2021/9/16 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ له‌نده‌ن له‌گه‌ڵ خاتوو لیز ترووس وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى له‌ خاتوو ترووس كرد كه‌ دوێنێ وه‌ك وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ى ده‌ستبه‌كار بوو و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و فراوانكردنى بواره‌كانى هاریكارى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا دووپات كرده‌وه.

لاى خۆیه‌وه‌ خاتوو ترووس خۆشحاڵیى خۆى به‌ پێشوازیكردنى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌ له‌نده‌ن ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ به‌ریتانیا پابه‌نده‌ و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پشتگیریكردنى عیراق و هه‌رێمى كوردستان و له‌ كاركردن له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانیان له‌ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعشدا، ‌هه‌روه‌ها هیواى خواست هاریكارى و هاوبه‌شیى به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌تایبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانیدا فراوان بكرێت.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاسى به‌ریتانیاى كرد بۆ پشتگیرى له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا، هه‌روه‌ها بۆ هاوكارى و یارمه‌تیى‌ مرۆیى كه‌ پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌رانى كردووه‌، پوخته‌یه‌كیشى ده‌رباره‌ى هه‌نگاوه‌كانى یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ به‌ پشتگیرى و هاوكاریى به‌ریتانیا و وڵاتانى دیكه‌ى دۆست، پێشكه‌ش كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هۆكاره‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش و مه‌ترسییه‌كانى، هه‌ڵبژاردنه‌كان و پێشبینیى پرۆسه‌ى سیاسى و داهاتووى عیراق، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێكهاته‌كان له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان، پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جیى بایه‌خى هه‌ردوولا، تاوتوێ كران و هاوڕا بوون كه‌ سه‌قامگیریى عیراق بۆ ناوچه‌كه‌ و جیهانیش گرنگه‌.

هەواڵی پەیوەندیدار