ئەمساڵ بە گوژمەی ٥٠ ملیار دینار پڕۆژەی ئاو لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە

ھەولێر_KDP.info_ بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٥٠ ملیار دینار پڕۆژەی ئاو لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە و پلانمان ھەیە کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەی ستراتیژییش جێبەجێ بکەین.
ئاری ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەم کابینەیە یەکێک لەو سێکتەرانەی گرنگیی زۆری پێ داوە سێکتەری ئاوە، ئەو پارانەی بۆی دابین کراوە زۆر دیارە و ئەوەی کە جێبەجێ کراوە بەشێکی کەم بووە لە توانای حکوومەت بەھۆی ئەوەی ھێشتا نەکەوتووەتە باری ئاساییی خۆی و چاومان لە زیاترە کە بودجەی زیاتر دابین بکرێت بۆ پرسی پڕۆژە ستراتیژییەکان کە شادەماری دابینکردنی ئاون. لە شارەکان کە ١١ پڕۆژەی ئاو و ١٣ پڕۆژەی تەسفیەکردنی ئاو ھەیە لە بەرنامەی ئێمەدایە و جگە لەوەش، کار بۆ فراوانکردن و نوێکردنەوەی شارەکان دەکرێت و بە نووسراو پێشکەشی حکوومەت کراون، بۆ ئەوەی دۆخەکە باشتر بێت تا ڕەزامەندیی لەسەر بدرێت.''
ئاری ئەحمەد گوتیشی: ''لەسەر پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکان کە پرۆژەی ستراتیژین ٤ ترلیۆن دیناریان دەوێت کە ئەوە پلانی درێژخایەنە و دەکرێت لە ماوەی چەند ساڵێکدا جێبەجێ بکرێن و ھەندێک پێویستن کە ئەمساڵ یاخود دوو ساڵی داھاتوو کاریان لەسەر بکرێت، ئەویش بە گوژمەی ملیارێک دەبێت و ئەوانەی ڕیسایکلینی ئاوەڕۆیە بەتایبەت شارە سەرەکییەکانی وەکوو ھەولێر و سێلمانی و سۆران و شارەکانی دیکە پێویستی بە ملیارێک و٥٠٠ ملیۆن ھەیە و ئەو کەموکووڕییەی ھەیە بەھۆی قەیرانەکانەوە پەیدا بوون و پێویستی بە ملیارێک ھەیە.''
ئەحمەد باسی لەوەش کرد: ''خەرجی ئێمە ساڵانە نزیکەی ١٤٠ ملیارە و ئەمساڵ ٥٠ ملیار دینار بۆ پرۆژەکان تەرخان کراوە، پڕۆژەی تەواونەکراو تەواو کراون و جێبەجێکردنی پڕۆژەی بچووک کە ٧ ملیار بۆ چەمچەماڵ و ١٨ ملیار بۆ بەگەڕخستنەوەی ئاوی ئاکرێ و ٣ ملیار و ٨٥٠ ملیۆن بۆ پڕۆژەی ئاوی سلێمانی و ملیارێک بۆ پڕۆژەی ئاوی بێباڤ لە گەرمیان و دەیان پڕۆژەی دیکە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان جێبەجێ کراوە و بودجەی دیکەشمان ھەبوو بۆ پرۆژەکانی دەربەندیخان و پیرمام بە نزیکەی چوار ملیار دینار کە بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ خەرج دەکرێت''.
بڵند ئیبراھیم




