بۆچی چاوی فەرەنسا و بریتانیا لە کوردستانە؟

لەندەن-KDP.info- شارەزایەکی سیاسەتی بریتانیا لە بریتانیا دەڵێت، سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بریتانیا و بانگهێشتکردنی لەلایەن بۆریس جۆنسۆن، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەوە گرنگیی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەلای بریتانیا و ڕۆژئاوا دەر دەخات و ئەمە واتای هاوڕێیی سیاسیی کوردە و دەبینین هەرێمی کوردستان ناوەندێکی هەرە ئارامە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا.
زارا ساڵح بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پێشتر سەرۆک ماکرۆن سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، ئێستا جیهان وەک وڵاتێک لەنێو وڵاتێکدا سەیری هەرێمی کوردستان دەکات؛ ئەوان هەمیشە بە گرنگییەوە دەڕواننە هەرێمی کوردستان، چونکە مەترسیی داعش هاتووەتە ئاراوە و هەموو جیهان و بەتایبەت ئەم وڵاتانە دەیانەوێت پەیوەندییە سیاسی و سەربازییەکان لەگەڵ کورددا بەهێزتر بکەن.''
ئەو شارەزایەی سیاسەتی بریتانیا گوتی: ئەمە هەنگاوێکی گرنگە و پەیوەندییەکانی کورد لە ڕێگەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانییەوە تاوتوێ دەکەن، وڵاتان دەیانەوێت کورد لەنێو جەرگەی نائارامی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا بە ئارامی بژین، بۆیە سەرکردە جیهانییەکان چاویان لە هەوڵیرە.''
زارا ساڵح ئاماژەیشی دا: ''بریتانیا و فەرەنسا بوون لە پەیمانی سایکس پێکۆ و سیڤەردا نەیانهێشت کورد ببن بە خاوەنی وڵات، ئەوان ئێستا هەست بەو گوناهە دەکەن و لە ساڵی ١٩٩١دا بۆچۆنیان گۆڕا و ناوچەی دژە فڕینیان (NO FLY ZONE) بۆ پاراستنی کورد لە هەڕەشەی ڕژێمی بەعس ڕاگەیاند، ئەم وڵاتانە دەیانەوێت مافی کورد مسۆگەر بکەن و دەیانەوێ کورد وەبەرهێنانی لەم پەیوەندییە دیپلۆماسییانە پتەوتر بکات.''
کــاروان بــاعەدری




