٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هۆشیار سیوەیلی پێشوازیی لە وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان کرد

سەرچاوە: KDP.info

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازی لە بەڕێز ئایدن مەعرووف، بەرپرسی بەرەی تورکمانی لە ھەرێمی کوردستان و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان کرد.

لە میانەی ئەو دیدرارەدا باس لە کۆمەڵێک بابەتی گرنگ و پەیوەندیدار بە پەیوەندییەکانی ھەردوو حزب و زیاترکردنی ھەماھەنگی و ھاوکاری لە بواری پەیوەندییەکانی دەرەوە کرا.  لە بەشێکی دیکەدا بەڕێز سیوەیلی باسی لە دواین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی نێوخۆی عێراق کرد و دووپاتی کردەوە کە پێویستە لایەنەکان هەموو پێکەوە کار بکەن بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەمووی ئەو گرفت و کێشانەی کە ڕوویان لە عێراق و ناوچەکە کردووە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەموو  پێکهاتە و گەلانی عێراق هەیە.

لە درێژەی ئەو دیدارەدا بەپێویست زانرا ئەزموون و کەلتووری پێشکەوتووی ھەریم لەبارەی پێکەوەژیان و لێبوردەییی نەتەوەیی و ئایینی بگەیەنرێتە نێوەندە نێودەوڵەتییەکان و پەرلەمان و لایەنەکانی دیکە بە ئامانجی هەماهەنگی و بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە.

بەڕێز ئایدن مەعرووف سوپاسی ئەو پێشوازیەی کرد و پێزانینی خۆی بۆ سیاسەتی ئاشتییانەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربڕی کە هاوکاریی ئەو حزبە بۆ خزمەتی زیاتری پێکھاتەکانی کوردستان و عێراقە. ھەردوو جەختیان لەسەر زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییەکان کردەوە لە نێوان نەتەوە و پێکھاتە ئایینی و مەزھەبییە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی لە نێوان کورد و تورکماندا.

هەواڵی پەیوەندیدار