٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"فرەئایینی و پێکەوەژیان بەرھەمی پارتی بووە"

سەرچاوە: KDP.info

پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر پرسی فرەئایینی و پێکەوەژیان لە کوردستان و عێراق دەکاتەوە لە پەیامی پارتی بۆ چوار ساڵی داھاتوو دوورکەوتنەوەیە لە توندڕۆیی مەزھەبی و فەراھەمکردنی کەشێکی لەبار بۆ پێکەوەژیانی ئایینی زانایەکی ئایینیش دەڵێت، ئەوەی ئەمڕۆ بەرھەم ھاتووە ڕەگی مێژووییی ھەیە و پێکەوەژیان بەرھەمی پارتییە.

وەیسی سەعید وەیسی، پەرلەمانتاری پارتی و زانای ئایینی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "مێژوو پێمان دەلێت ١٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا شێخ عەبدولسەلام بارزانی بۆ ئاوەدانکردنی کۆمەڵگایەکی مرۆڤدۆست، کە تێیدا کەرامەتی مرۆڤ پارێزراو بیت، گیانی لێبوردەیی، یەکتر قبووڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی لەناو خەڵکی دەڤەری بارزاندا جێگیر کرد. بۆیە گەر تەنھا گوندی بارزان بە نموونە وەربگرین ئەم ڕاستییەمان بۆ بەدیار دەکەوێت کە جگە لەوەی بارزان لانکی شۆڕش و کوردایەتی بووە، لە ھەمان کاتدا باوەڕدارانی چەندین ئایین بەبێ جیاوازی لە ئەرک و مافدا یەکسان بوونە و ھەستیان بە ھیچ جیاوازییەک نەکردووە و شوێنی خواپەرستیی باوەڕدارانی ھەرسێ ئایین (موسلمان -مەسیحی -جوو) لەتەک یەک بوون، بۆیە کاتێک قەشەی بەناوبانگ، وێکگرام، دێتە دەڤەری بارزان دەبینێت شێخ عەبدولسەلام بارزانی زیاتر لەوان لە خەمی باوەڕدارانی ھەموو ئایینەکاندایە بەبێ جیاوازی، خۆشحاڵ و سەرسام دەبێت بە شێخ و دەڵێت ئەوەی تۆ دەیکەی بۆ پێکەوەبوون، بە ئێمە ناکرێت، بۆیە دەگەڕێتەوە. دوای ئەوەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی لەلایەن عوسمانییەکانەوە بە بیانووی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لەسێدارە درا، شێخ ئەحمەدی بارزانی ئەم بنەما ھزرییانەی بە شێوەیەک کردە کردەوە تا بووە بەشێکی گرنگ لە فەرھەنگ و کولتووری خەڵکی بارزان. وە نەبێت پاراستنی ئەم فەرھەنگە جوانەیە تەنھا لە قۆناغێکی دیاریکراودا بووبێت، بەڵکوو بە درێژاییی مێژوو ھەمیشە ھەوڵی پاراستن و قووڵکردنەوەی ئەم کولتوورە دراوە، لە سەردەمی زێڕینی شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا بارزانیی نەمر بەبێ جیاوازی ھەموو پێکھاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبییەکانی لەژێر سەرکردایەتیی شۆڕشدا بۆ یەک ئامانج و مەبەست کۆ کردەوە و بەرپەچی زوڵم و ستەمیان دەدایەوە، تەنانەت بە پێداگریی بارزانیی نەمر حکوومەتی ئەوکاتی عێراق ددانی بە مافی ھەموو نەتەوە و ئایینەکاندا نا، دوای ڕێککەوتنامەی ١١ی ئادار لەگەڵ ئەوەی بەپێی یاسای ئەوکاتی عێراق ڕێگاپێنەدراوبوو جگە لە موسڵمان ھیچ باوەڕدارێکی تر ببێتە قائیمقام، بەڵام پێداگری و سووربوونی بارزانیی نەمر وای کرد ڕەحمەتی فرەنسۆ ھەریری کە بە ئایین ئاشووری بوو بکرێتە قائیمقامی قەزای چۆمان.''

ئەو زانای ئایینییە و ئەندامی لیژنەی ئەوقاف لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونی کردەوە: "سەرۆک مەسعود بارزانی ڕۆڵێکی گەورەی بینیوە لە دەستەبەرکردنی مافی پێکھاتەکانی کوردستان بە جۆرێک، ھەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە پێویستە سەرجەم پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکان ئازادانە مومارەسەی ئەرکی ئایینی و نەتەوەییی خۆیان بکەن و مافەکانیان جێگیر بکرێت، چونکە ھەر ھەموویان بەشێکی گرنگی گەلی کوردستانن و مافی ھەمووانیش پارێزراوە و نابێت ھیچ جیاوازییەک ھەبێت. تەنانەت ھەر بە ھەوڵەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی مافی پێکھاتەکان لە کاتی نووسینەوەی دەستووری عێراقدا دەستەبەر کرا، وێرای ئەوەی بەردەوام باوەشی کوردستان کراوە بووە بۆ سەرجەم ئەو ھاووڵاتیانەی بەھۆی ھێرشی تیروریستانی داعشەوە ماڵوحاڵی خۆیان جێ ھێشتووە و ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردوە، تەواوی مافەکانیان لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا بۆ دابین کراوە و سەر و ماڵیان پارێزراو بوو. پەرلەمانی کوردستانیش وەک باڵاترین دامەزراوەی یاسادانان ڕۆڵێکی گرنگی ھەبووە لە بەرجەستەکردنی بیرۆکەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەو یاسا و بڕیارانەی کە پەسەندی کردوون و پەیوەستبوون بە فەراھەمکردن و پارێزگاریکردن لە مافی پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان، کە گرنگترینیان یاسای ژمارە (۱)ی ساڵی ۱۹۹۲ی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، کە لە ڕێی سیستمی کۆتا مافی پێکھاتەکانی لەنێو پەرلەمانی کوردستاندا مسۆگەر کردووە، ھەروەھا یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی ۲۰۱٥ کە مافی پێکھاتەکانی لە دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن و سەرجەم دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستاندا مسۆگەر کردووە. کابینەی نۆیەم گرنگیی زۆری بە مافی پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان داوە، تەنانەت یەکێک لە بنەماکانی کارکردنی ئەم کابینەیە پاراستن و بەھێزکردنی پێکەوەژیانە لە ھەرێمی کوردستان کە بۆ یەکەم جارە لە مێژووی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستاندا دۆسیەی پێکھاتەکان جیا کرایەوە کە یەکێک بوو لە خواستە سەرەکییەکانی پێکھاتەکان، بە جۆرێک لەم کابینەیەدا وەزیرێکی ھەرێم تایبەت بە پێکھاتەکان ھەیە.''

وەیسی سەعید دەڵێت: "بێگومان ھەموو ئەمانە وا فاکتەری سەرەکی بوون تا دیارترین کەسایەتیی ئایینی، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، لە مانگی ئاداری ڕابردوو سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و جیاواز لە شوێنەکانی تری عێراق گەورەترین ڕێوڕەسمی ئایینی لەگەڵ دە ھەزار کەس لە ھەولێری پایتەخت ساز بکات. ئەمەش ڕووداوێکی مێژوویی و دەسکەوتێکی گەورە بوو و کاریگەرییەکی گرنگی دەبێت لەسەر ناو و پێگەی ھەرێمی کوردستان و پاڵپشتیی نێودەوڵەتی، چونکە ڤاتیکان ئەگەرچی وەک دەوڵەت بچووکە، بەڵام مەڵبەندێکی گەورەی ئایینییە کە سەرپەرشتیی یەک ملیار و سێسەد ملیۆن مەسیحی دەکات و خاوەن ئاڵا و نوێنەرە لە نەتەوە یەکگرتووەکان. ئێستاش کە لە ھەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکرێت بۆ نووسینەوەی دەستوور، دلنیایی دراوە کە دەستووری ھەرێمی کوردستان ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی کوردستانی دەبێت و ویست و خواستی زۆرینەی کوردستانیان لەخۆ دەگرێت و، گەلی کوردستان شانازی دەکات بە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایینەکان لە کوردستان کە سەدان ساڵە بە یەکەوە دەژین و تادێت توندوتۆڵتر دەبێت،ب ۆیە پێویستە دەستووری کوردستان ڕەنگدانەوەی ئەو تایبەتمەندییە بێت، گرنگە ھەموو لایەکمان پارێزگاری لە کولتووری بەیەکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن بکەین تا ھەمیشە کوردستان ھەر بە شوێنی فرەئایینی و فرەنەتەوەیی بمێنێتەوە.''

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار