کاندیدێکی پارتی لە دەشتی نەینەوا: خزمەتی ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان بەبێ جیاوازی دەکەین

مووسڵ_KDP.info_ کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لەوە دەکات کە لە دەشتی نەینەوا ھەموو پێکھاتەکان بەبێ جیاوازی پشتگیری لە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، لەبەر ئەوەی دەزانن پارتی لە بەغدا کار بۆ ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان دەکات بەبێ جیاوازی، بۆیە دەنگ بە کاندیدانی پارتی دەدەن.
عەبدولسەلام شەعبان ئەلئەحمەد، کاندیدی ژمارە ٢٧ی بازنەی دووی پارێزگای مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەشتی نەینەوا پشتگیرییەکی بەھێزیان لێ دەکرێت، چونکە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان پاڵپشتی لە کاندیدانی پارتی دەکەن، ئەمەش وای کردووە ئێمە پاڵپشت بەو خەڵکە دڵنیا بین کە پارتی دەنگی زۆر باش بەدەست دێنێت و کە چووینە بەغداش خزمەتی ھەمووان بەبێ جیاوازی دەکەین.''
ئەو کاندیدەی پارتی باسی لەوەش کرد: ''جگە لەوەش، لەبەر ئەوەی لە ناوچە کوردستانییەکان کێشەی جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠ ھەیە، بۆیە ئێمەش کار بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دەکەین، بۆ ئەوەی مافی ھەموو پێکھاتەکان بەدەست بێت و بگەنە مافەکانیان، چونکە بەھۆی جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠ تا ئێستا بەشێکی زۆری پێکھاتەکان ئاوارەن و تەعدای زۆریان لێ دەکرێت، چونکە بە جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە ئەو ناوچانە دەگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان کە ئەمەش خواستی ھەموو پێکھاتەکانە.''
ئەحمەدی باسی لەوەش کرد: ''ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ئەو کەسانەی پشتگیری لە ئێمە دەکەن لە زیادبووندایە و ئەمە وای کردووە کە ئێمە زیاتر بە جۆش و خرۆشەوە بانگەشە بکەین و بچینە ناو خەڵک و داواکارییان وەربگرین، بۆ ئەوەی کە چووینە بەغدا کاری لەسەر بکەین و جێبەجێ بکرێت.''
عەبدولسەلام شەعبان ئەلئەحمەد گوتیشی: ''نەک کورد بەتەنھا، بگرە عەرب و ھەموو پێکھاتەکانی دیکەش پشتگیری لە ئێمە دەکەن و ئێمەش بەڵێنیان پێ دەدەین کە خزمەتیان دەکەین.''
بڵند ئیبراھیم




