ڤیان دەخیل بۆ KDP: پارتی لەگەڵ خەڵكدا ڕاستگۆیە

شنگال-KDP.info- بەربژێرێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شنگال دەڵێ، پارتی خاوەن پێگەیەكی بەهێزی سیاسییە لە عێراقدا و هەمیشە هەوڵی بۆ جێبەجێكردنی ماددە دەستوورییەكان داوە و هیچ كاتیش سازشی لەسەر مافەكانی كورد نەكردووە و نایكات.
ڤیان دەخیل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "شنگال داگیر كراوە و پێمان وایە تاوەكو نەكەوێتە دەست شنگالییەكان، هیچ كات ئارامی بە خۆیەوە نابینێ، حكوومەتی هەرێمیش هەموو هەوڵەكانی خستووەتە گەڕ بۆ جێبەجێكرنی ڕێككەوتنەكەی شنگال".
دەخیل گوتیشی: "پارتی لەگەڵ خەڵكدا ڕاستگۆیە، ئێمە دەچینە دامەزراوەیەكی تەشریعی و هەموو هەوڵەكانی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ دەستەبەركردنی ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان".
دەشڵێ: "هەموو هەوڵێك دەدەین ئەو هێزە نایاساییانەی لە شنگالن، لەوێ نەمێنن و دەبێت شنگال بكەوێتە دەست شنگالییەكان و خۆیان شنگال بەڕێوە ببەن، هەروەها ئاوارەكان بە سەربەرزی بگەڕێنەوە و ناكرێت لایەن یان گرووپێك ببێتە هۆی شێواندنی دۆخی شنگال".
كــاروان بــاعەدری




