ئەكرەم ساڵح بۆ KDP: رێكخستنەكانمان دڵسۆزانە بەشداری لە بانگەشەدا دەكەن

گەرمیان-KDP.info- سەرۆك بارزانی لە رێوڕەسمی دەستپێكردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن لە ١١ی ئەیلوول داوای كرد، ھەموو رێكخستنەكانی پارتی بە جۆش و خرۆشێكی تازەوە بێنە مەیدان و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتیش دڵسۆزانە بەشداری لە ھەڵبژاردندا بكەن، بەرپرسی لقی ٢٢ی پارتیش دەڵێ: "پابەندی پەیام و داواكاریی سەرۆك بارزانین و ئەو داواكارییەش كاریگەریی زۆری ھەبووە، بۆیە رێكخستنەكانمان دڵسۆزانە بەشداری لە بانگەشە و پرۆسەی ھەڵبژاردندا دەكەن".
ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی لقی ٢٢ی پارتی لە گەرمیان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێم وایە لە ئەنجامی ئەو بارودۆخەی ھەرێمی كوردستانی پێدا تێپەڕ بووە، جۆرێك لە دوورەپەرێزی و ساردبوونە لە كۆی كاری سیاسی ھەبووە، ئەو داوایەی سەرۆك بارزانیش لەو روانگەیەوەیە تا خەڵكی ئێمە وەكو ھەمیشە بە گوڕ و تینێكی تازەوە بێنەوە مەیدان و ئەو قۆناغی ساردی و دووركەوتنەوە تێپەڕێنن، بە گشتیش خۆمان لە لایەنەكانی دیكە باشترین، بەڵام ئەمڕۆش ھاتوچۆم كرد و لە سنووری گەرمیان پۆستەكان كەمن، كە ھێشتا ھەست ناكەین ھەڵبژاردن ھەیە".
ساڵح گوتیشی: "قەیرانی چەند ساڵی رابردووو كاریگەریی زۆری لەسەر سایكۆلۆژیای خەڵك ھەبووە، هەرچەندە كەمترین كاریگەری لەسەر خەڵكی خۆمان ھەبووە، بەڵام جەنابی سەرۆك بارزانی داوای كردووە بە گوڕ و تین و شێوەیەكی تازە و دڵسۆزانە بێنەوە مەیدان و كاری خۆیان بەڕێوە ببن و بانگەشە بكەن، بە دڵنیاییشەوە پابەندی ئەو داواكاری و پەیامەی سەرۆك بارزانین".
دەشڵێ: "خەڵكی خۆمان و ئێمەش پابەندی رێنمایی حیزب و پەیامەكانی جەنابی سەرۆك بارزانین و هەر پەیامەێك سەرۆك بارزانی بیدات، كاریگەری لەسەر خەڵكی خۆمان و خەڵكی دیكەش ھەیە، بۆیە ئەو پەیامە زۆر گرنگ بوو كە خەڵكی خۆمان ھەست بە بەرپرسیارێتیی زیاتر بكات، جا كادیر یان رێكخستنەكانی خۆمان بێت، بۆیە ھەر پەیامێك سەرۆك بارزانی بیدات، بێ دوودڵی پێیەوە پابەند دەبین".
بڵند ئیبراھیم




