چیایی تەیموور: ئەولەویەتی کاری ئێمە لە بەغدا دابینکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم دەبێت

دھۆک -KDP.info- پارتی دیموکراتی کوردستان بەفەرمی لە ١١ی ئەیلوول دەستی بە بانگشەی ھەڵبژاردن کرد، کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت، ''ئەولەویەتی کاری ئێمە لە بەغدا کارکردن دەبێت بە یەکگرتوویی بۆ ئەوەی بتوانین شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان دابین بکەین.''
چیایی تەیموور، کاندیدی ژمارە ٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری دھۆک، بازنەی سێ؛ سنووری شێخان و ئاکرێ و بەردەڕەش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان بە شێوەی فەرمی، ئێستا بانگەشە زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێت و خەڵکیش پێشوازییەکی گەرم لە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن.''
ئەو کاندیدەی پارتی گوتیشی: ''ئەوە زۆر گرنگە کە بتوانن ئەو کێشانەی ھەیە چارەسەریان بکەن و خەڵکیش کەسانێک ھەڵدەبژێرن کە خزمەتیان بکات.''
چیایی تەیموور گوتیشی: "ھیوادارین خەڵک کەسی وا هەڵبژێرن کە خزمەتیان بکات و ئێمە کە دەچینە بەغدا وەکوو پارتی بە یەکگرتوویی کار دەکەین و لەگەڵ لیستەکانی دیکەش ھەوڵ دەدەین ببینە یەک تیم بۆ ئەوەی سەنگمان ھەبێت لە بەغدا، چونکە بەو شێوەیە سەنگمان باشتر دەبێت.''
ئەو کاندیدەی پارتی گوتیشی: "کار دەکەین و ئەولەویەت بۆ ئەوە دەبێت کە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجە بدرێت و مووچەی فەرمانبەران دابین بکرێت و داکۆکیی تەواوی لێ دەکەین، بۆیە ئەمە دەکەینە ئەولەویەتی کاری خۆمان و ھەوڵ دەدەین پشکی ھەرێم لە وادەی خۆیدا ڕەوانە بکرێت.''
تەیموور ڕوونیشی کردەوە: ''من ئەزموونێکی باشم لە بواری وەرزش و لاواندا ھەیە، کە بچمە بەغدا گرنگییەکی زۆر بە لاوان و وەرزشوانان دەدەم و دەبێتە پرسێکی گرنگی ئێمە و کاری باشیان بۆ دەکەین.''
بڵند ئیبراھیم




