٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێکھاتەکان: بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچە کوردستانییەکان دەنگ بە پارتی دەدەین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- نوێنەری ھۆزی شەرابین لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان گوتی، پێکھاتە و نەتەوەکانی ناوچە کوردستانییەکان بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ ئەو ناوچانە دەنگ بە پارتی دەدەن، چونکە بینیویانە لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتیی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان چ ئارامییەک لەو ناوچانە ھەبوو.

عوسمان ئەحمەد سوڵتان، نوێنەری ھۆزی شەرابین لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە وەکوو ھۆزە عەرەبەکانی ناوچە کوردستانییەکان پشتگیری لە پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین، چونکە تەنھا پارتییە کە خزمەتی پێکھاتە و نەتەوەکان دەکات و ھەمیشە پاڵپشتی نەتەوەی عەرەب بوون و دەزانین کە بچنە بەغدا داکۆکی لە مافی ئێمە دەکەن و دەبنە نوێنەری ڕاستەقینەی ئێمە، چونکە پارتی خۆی بە خاوەنی ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان دەزانێت.''

عوسمان ئەحمەد سوڵتان گوتیشی: ''ئێمە وەکوو ھۆزی شەرابین و ھۆزەکانی دیکە، لەوانە؛ جبوور و جحێش و میران و ھەسنیان و چەندین ھۆزی دیکە لە ناوچە کوردستانییەکان پشتگیری لە کاندیدانی پارتی دەکەین و تەنھا ھۆزی ئێمە زیاتر لە پێنج ھەزار دەنگدەرمان ھەیە.''

گوتیشی: ''لە ساڵی ٢٠٠٥ـوە پێشمەرگە بەبێ جیاوازی پارێزگاریی لە ھەموو ناوچەکان دەکرد و ئازادییەکی تەواو لە سایەی پێشمەرگەدا ھەبوو و پەیوەندییەکی مێژووییمان لەگەڵ پارتی هەیە.''

سوڵتان ڕوونیشی کردەوە: ''لە کاتی هاتنی داعشدا پێشمەرگە ناوچەکانی ئێمەی پاراست و قوربانیی دا، بۆیە ئێمە ئەوەمان لەبەرچاوە و ھیچ کات لەبیری ناکەین.''

ھاووڵاتی شوکر خدر ئەلدخی، لە سنووری مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دەنگی ئێمە وەکوو ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان لە ناوچە کوردستانییەکان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانە و ئێمە دەنگ بە کاندیدانی پارتی دەدەین، چونکە دەزانین پارتی دەبێتە ھۆکاری زامنکردنی مافەکانی ئێمە لە بەغدا و داکۆکیمان لێ دەکات.''

ھەر لەم بارەیەوە، داود ھیتۆتی، دانیشتووی سنووری زوممار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوە کرد: ''لە دوای نەمانی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکان، خەڵک زوڵمێکی زۆریان لە دەست ھێزە میلیشیاکان بینیوە، بۆیە بڕیاریان داوە دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پێشمەرگە بگەڕێتەوە و کورد ببێتەوە نوێنەری ئەو خەڵکە، چونکە تەنھا کورد بەبێ جیاوازی خزمەتی ھەمووان دەکات.''

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار