٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وردەکاریی پڕۆژەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕێگاوبان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام کاری کردووە بۆ ئەوەی ڕێگاوبانەکان بە باشترین شێوە دروست بکرێن و تەنھا لەم کابینەیەدا بە گوژمەی زیاتر لە ٧٠٠ ملیار دینار پڕۆژە جێبەجێ کراوە.

ئاگرین عەبدوڵڵا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە ماوەی ئەم کابینەیەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا کاری زۆر باشمان کردووە و ژمارەیەکی زۆری پڕۆژە جێبەجێ کراون، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە کە ٤٨ پڕۆژە بوون بە گوژمەی ٧٢٠ ملیار دینار و بەشێکی ئەو پڕۆژانەش کە تەواو نەکرابوون، تەواو کراون و، کۆمەڵێک پڕۆژەی نوێی ڕێگاوبانیش جێبەجێ کراون و، بەردەوامیش دەبین لە کارکردن بۆ ئەوەی ڕێگای نوێ دروست بکەین.''

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد: ''بەشێک لەو پڕۆژە گرنگانەی دروست کراون، ڕێگای کۆپاڵ بۆ ھەولێر و ڕێگای ڕوڤیا بۆ چەمە و تەواوکردنی تونێلی پیرمام و چەندین ڕێگای دیکەش دروست کراون.''

ئاگرین عەبدوڵڵا ڕوونیشی کردەوە: ''بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی خەڵک و دروستکردنی ڕێگاوبانی تازە بۆ ھاووڵاتییان و پلانی خۆمان داناوە و پێشکەشیشمان کردووە کە ١٣٠ پڕۆژەیە بۆ ئەوەی تەواو بکرێن بە گوژمەی ٢٥٠ ملیار دینار و داوای ٨٥ پڕۆژەی تازەشمان کردووە بە گوژمەی ٩٥ ملیار دینار بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن.''

گوتیشی: ''لەم کابینەیەدا بەردەوام دەبین لە ھەنگاوەکانمان بۆ ئەوەی پڕۆژەی تازە بۆ خزمەتی خەڵک دروست بکەین و لە کارکردن ناوەستین، چونکە کاری ئێمە ئەوەیە خزمەتی خەڵک بکەین.''

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار