٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سەرۆک بارزانی لە روسیایە و بەغداش چاوەڕوانی دەستپێشخەرییە

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

ناچمە نێو پرۆسە ئاڵۆزو مێژوویەکانی پەیوەندی کورد و ئەوروپا و دەرەوە، هەروەها کۆسپەکانی بەردەم ئەم پەیوەندییانە هێشتا ماون، بەڵام کوردستان لەسایەی توانا و دووربینی سەرکردایەتییەکەی لەمبارەوە گەشەکردنێکی کەم وێنەی بەخۆیەوە بینیوە، تەنیا گەشەکردنەکان خەریکە بیروڕاو هەڵوێستی دوژمنەکانی دوێنێش بە ئاراستەیەک دەبات، ئیدی مێژوو نەتوانێت جارێکی دیکە بە شێوە کلاسیکییە دابڕاوەکە لە جیهان  و ویژادانی سیاسی مرۆیی دوبارە بێتەوە.

سەرۆک بارزانی دوای سەردانێکی سەرکەوتوو لە ئەوروپا و بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە سویسرا، بەرەو مۆسکۆ بەرێکەوت، سەردانی مۆسکۆ وەکو ئەوانی دیکە نییە، چونکە هەم سەردانەکە مێژووییە و ئاراستە و پێگەیەکی سیاسی نوێ دروست دەکات و پەیوەندییە نوێکان نوێ دەکاتەوە، هەمیش روسیا دەیەوێت لە رووداوە خێراکانی رۆژهەڵاتدا پێگەی خۆی بەرانبەر وڵاتە باڵادەستەکانی دیکەی وەکو ئەوروپا  و ئەمەریکا بپارێزێت. رەنگە ئەم پێداگرییەی روسیا لەسەر چارەنووس و ئازارەکانی خەڵکی وەکو سوریای ئەمڕۆ و لیبیای پێش روخانی قەزافی بێت، بەڵام روسیا دەزانێت دواین پێگەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست زۆر گرینگن. کورد نەک هەر تەنیا کلیلی ئاشتی رۆژهەڵاتە، بەڵکو  خەریکە دەبێتە بنکەیەکی ئابوری بەهێز لە رۆژەهڵات و لە روی سیاسسیشەوە بەشێکی رووداوەکانە، بەتایبەتیش کە مەسەلەکە گەیشتۆتە سوریا، بوونی کورد و پێگەی لە دوارۆژی ئەم دەڤەرە پشتگوێ ناخرێت. هەروەها کورد ئەمڕۆ چۆتە نێو چوارچێوەیەکی دیکەی جیهانی ئەویش مەسەلی گاز و نەوت  و کۆڕبەندی جیهانییە. کەواتە ئاساییە لە تەک پەیوەندی سیاسی ، لەم سەردانەدا  بارزانی پەیوەندی ئابوریش بەهێز بکات.

دەمێکە داوەتی فەرمی سەرۆک بارزانی بۆ روسیا بڕیاری لێدراوە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم سەردانە کەوتە کاتێک کە لەم هەفتەیە  ژمارەیەک زۆر لە نوێنەرانی رەسمی ئەمەریکا  و ئەوروپا  و هەتا مەرجەعیەتی شیعە و لایەنە سونییەکان کە ترسیان لە بەلارێداچوونی رەوشی سیاسی لە عێراق هەیە، داوایان لە سەرۆک کردوو، دەست بە جولەیەکی دیبلۆماسی و سیاسی بۆ کۆتایهێنان بەرەوش خراپی سیاسی عێراق بکات. ئەمەش دیارە لە بەر کۆمەلێک هۆکار لە قازانجی دۆزی کوردستان و هەڵومەرجی ئێستای کوردستان تەواو دەبێت. لەمانە :

یەکەم-  راستی و دروستی ئەو سیاسەتەی سەرۆک بارزانی لە ماوەی رابردوو لەبەرانبەر دەسەڵاتی بەغدا نیشانی داوە و پێداگری لەسەرکردووەو ترسی خۆی لەهەمبەر سیاسەتی تاکڕەوانەی سەرۆک وەزیران نوری مالکی دەربڕیوە و ئێستاش هەمان بۆچوونی هەیە.

دووەم- هەرێـمی کوردستان بە حکوومەت  و تەواوی پێکهاتە سیاسی  و نەتەوەیی و ئەنتییەکانی دەتوانن لە سایەی یەکریزی و پێکەوەژیان و دیموکراسی رۆلی چاکسازی و  ئاشتەوایی  و بیناکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی گرینگ لە سەرجەم عێراق بگێڕن.

سێیەم- گەڕانەوە بۆ لای سەرۆک بارزانی بەهێزبوونی پێگەی نیشتیمانی و نەتەوەیی کوردە، چونکە بارزانی نوێنەرایەتی نەتەوە و کوردستان دەکات بەهەموو پێکهاتەکانییەوە، ئەمەش بەڵگەی پێشکەوتنە، لەپێناو چوونە قۆناغێکی نوێدا.

گرینگ سەردانەکە سەرۆک بارزانی بۆ روسیا دەکرێت بە قۆناغێکی گرینگ لە گەشەکردنی سیاسی کوردستانی باشور و مەسەلەی کورد بەگشتی دابنرێت  و هەروەها رەچاو دەکرێت، دوای گەڕانەوەی سەرۆک لەم سەردانەیدا، بەرنامە و بیرۆکەی نوێ لە پێناو دەربازبوونی عێراق لە قەیرانە سیاسییەکانی پێشکەش بکات، کە نابێت لە بیری بکەین، عێراق خەریکە لە تەنیا کێشەیەکی ناوەخۆیی داخراوەوە دەرەچێت  و دەبێتە کێشەیەکی هەرێمایەتی و ابەستە بە گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکەش. ئەمەس ترسێکی گەورە لەسەر خودی ئەو لایەنانە دروست دەکات کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە.

گرینگ لە دیماهیدا کورد بە متمانە و بڕاوبوونێکی بەهیزتر دەتوانێت لە نەخشەی سیاسی عێراق لە قۆناغی دوای قەیرانەکان رۆل بگێڕئت، ئەگەر رکابەری سیاسی ناوەخۆیی بەلاوەبنێت و هەروەها پلانە دەرەکییەکان لێبگەڕێن.. لە هەمان کاتدا نابێت لە بیری بکەین کە کورد و شیعە دەتوانن داکۆکی راستگۆیانە لە بەرژەوندییەکانیان بکەن ئەگەر گومان  و سیاسەتی تاکڕەوانە لێبگەرێت. سەرۆک بارزانی لە مۆسکۆ پێگەیەکی نوێی ئابوری و سیاسی  بۆ دوارۆژی کورد دروست دەکات، بۆیەش دەڵێم ئابوری پێش سیاسی، چونکە قەیرانەکان گەڕانە بەدوای وزە و سەرچاوەی ئابوری  ونەوت. ئەم هەنگاوانەش لە بەغدا پێگەی سیاسی  و بەرژەوندییە ستراتیژییەکانی کوردستان بەهێزتر کردووە.. ئەمەش هەموویان ئەوە نیشان دەدەن، راستگۆیی ئەگەر دژایەتیش بکرێت، هەمیشە سەرکەوتوو دەبێت. بارزانیش نوێنەرایەتی کوردستان و راستگۆیی  دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار