حەسەن حەدۆ: دوو ھۆکار ھەن بۆ زیادبوونی دەنگی پارتی

هەولێر-KDP.info- پارتی دیموکراتی کوردستان پێشبینیی زیادبوونی کورسی و دەنگەکانی لە ھەڵبژاردنی مانگی داھاتووی پەرلەمانی عێراق دەکات و بەرپرسێکی پارتییش ئاشکرای کرد، ھۆکاری زیادبوونی دەنگ و کورسیی پارتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گەنجان دەنگ بە پارتی دەدەن و خەڵکێکی زۆریش بەردەوام پەیوەندی بە پارتییەوە دەکات.
حەسەن حەدۆ، بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای دەرچوونی ناوی کاندیدان و دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن، پارتی بە پلانێکی ڕێکوپێک دەستی بە بانگەشە کردوە لە ھەموو ئەو ناوچانەی کاندیدمان ھەیە، لە سنووری چوار قەزای دەکەونە سنووری حەوزی سۆرانیش ئامادەکاریی زۆر باش کراوە و ئومێدمان ھەیە ھەر چوار کاندیدی پارتی لە سنووری بازنەی یەک سەر دەکەون.''
بەرپرسەکەی پارتی گوتی: "لەسەر ئاستی ئۆرگانەکانی حزب ھەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی ھەڵبژاردن کراوە و بۆمان دەرکەوتووە، لە ھەڵبژاردنی ئەم جارە دەنگی پارتی و کورسیی پارتی زیاد دەکات، دوو ھۆکاریش ھەن بۆ زیادبوونی دەنگی پارتی؛ ھۆکاری یەکەم، بەردەوام خەڵک پەیوەندی بە پارتییەوە دەکات و ڕێژەی ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە زیادبووندایە، ھۆکارێکی دیکەی زیادبوونی دەنگی پارتی پێگەیشتنی ئەو گەنجانەیە کە ئەم جارە بەشداری لە ھەڵبژاردن دەکەن.''
حەسەن حەدۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "سەرکەوتنی ئەم جارەی پارتی بەھۆی پێشوازیی خەڵک لە سیاسەت و ھەڵوێستەکانی پارتیمان جیاواز دەبێت لە ڕابردوو، لە سنووری باڵەکایەتییش سەرکەوتنی پارتی مسۆگەرە و لەسەر ئاستی ھەموو سنوورەکان زانیاریی زۆر دڵخۆشکەر ھەن بۆ سەرکەوتنی پارتی لە ھەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی عێراقدا.''
قائید میرۆ




