سەردار یەحیا: لە شێخان ٣٠ پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکرێن

لە سنووری قەزای شێخان ٣٠ پڕۆژەی خزمەتگوزاری خراونەتە بواری جێبەجێکردن و قایمقامی قەزاکە دەڵێت، لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا شەش پڕۆژەی دیکەش جێبەجێ دەکرێن.
سەردار یەحیا، قایمقامی شێخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی چوار ملیار دینار لە سنووری قەزای شێخان خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە ناحیەکانی کەلەکچی و قەسرۆک و ئەتروش و باعەدرێ دەگرێتەوە و، پڕۆژەکان بوارەکانی خزمەتگوزاری لە خۆ دەگرن ھەر لە ڕێگاوبانەوە تا دەگاتە پڕۆژەی کارەبا و ئاو و تەندروستی و پەروەردە.''
قایمقامی شێخان گوتیشی: "لەو پڕۆژانە کە ژمارەیان ٣٠ پڕۆژە دەبێت ٨٠%ی خراونەتە بواری جێبەجێکردن و ڕێژەیەکی کەمیان لێی جێبەجێ کراوە، لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا شەش پڕۆژەی دیکەش دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.''
سەردار یەحیا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەموو ئەو پڕۆژانە لەسەر داخوازیی خەڵکی نیشتەجێی ئەو سنوورانە جێبەجێ دەکرێت، لەبەر ئەوەش دوای تەواوبوونیان کاریگەرییان دەبێت لەسەر باشبوونی ڕەوشی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای شێخان و دەوربەری.''
قائید میرۆ




