پارتی كار بۆ گەڕانەوەی رووفاتی جینۆسایدكراوان دەكات

هەولێر-KDP.info- گەڕانەوەی رووفاتی جینۆسایدكراوان لە كارنامەی پارتی دیموكراتی كوردستاندایە و چالاكوانێكی بواری ئەنفالیش داوا دەكات، لە ئاستی باڵادا پارتی لە چوار ساڵی داھاتوو كار بۆ گەڕانەوەی رووفاتی ئازیزانیان بكات.
حازم بلەیی، چالاكوانی بواری ئەنفال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی كوردستان گوتی: "لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە، كەسوكاری جینۆسایدكراوان لە ھەموو ناوچەكان چاویان لە پارتییە بۆ ئەوەی رووفاتی ئازیزانیان بگەڕێنێتەوە بۆ خاكی پیرۆزی كوردستان، چونكە ژمارەیەكی بەرچاوی رووفاتی جینۆسایدكراوان لە باشووری عێراق ماون، ھەر لە بارزانییەكانەوە بگرە تا گەرمیان و ھەموو ناوچەكانی تر، ھەرچەندە پێشتر ھەوڵی زۆر دراوە و ژمارەیەك رووفات گەڕێندراونەتەوە ھەرێم، بەڵام چەندین گۆڕی بەكۆمەڵ و رووفات ھێشتا ماون و پێویستیان بە كاركردنە بۆ ھەڵدانەوە و گەڕانەوەیان".
بلەیی، داوای لە سەركردایەتیی پارتی و كاندیدانی پارتیش كرد، لە چوار ساڵی داھاتوودا بە جیددی كار بۆ گەڕانەوەی رووفاتی ئازیزانیان بكات و دەڵێت: "ھەرچەندە دەزانین پڕۆسەیەكی زۆر ئاسان نییە، بەڵام خوازیارین لە چوار ساڵی داھاتوودا ھەوڵی زۆر بدرێت بۆ ئەوەی خەڵكی ئێمە لە كەسوكاری جینۆسایدكراوان بە رووفاتی ئازیزانیان شاد ببنەوە و ھیچ نەبێت ببینە خاوەنی گۆڕێك".
لای خۆشیەوە، شوان كەلاری، كاندیدی ژمارە ٢٤ی پارتی لە گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھەر لە خانەوادەكەی خۆم خاوەنی ٤٣ شەھیدی جینۆسایدم، پارتی لە پەیامی خۆیدا جەختی لەسەر گەڕانەوەی رووفاتی جینۆسایدكراوان كردووەتەوە و چەند ساڵی رابردووش لەسەر ئاستی جیا پارتی ھەر لە خەمی گەڕانەوەی رووفاتی جینۆسایدكراواندا بووە".
كەلاری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "من وەك كاندیدێكی خاوەن ژمارەیەك شەھیدی جینۆساید، گەر متمانەی دەنگدەران بەدەست بێنم لە چوار ساڵی داھاتوودا، ھاوكات لەگەڵ ئەو بەڵێنەی حزبەكەم، ھەموو ھەوڵێك بۆ گەڕانەوەی ئەو رووفاتانە دەدەم، ھەروەھا بەرگری لە مافە یاسایی و دەستوورییەكانی كەسوكاریان دەكەین و ھەم ئێمە وەك كاندید و ھەم پارتیش وەك حزبی خۆمان، پلان و بەرنامەی تایبەتی بۆ ئەو مەبەستە ھەیە بۆ ئایندە".
قائید میرۆ




