شوان محەمەد: خەڵك لەوە تێگەشتووە كە بەهێزیی پارتی، واتا بەهێزیی كوردستان

سلێمانی-KDP.info- كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی پێنجی سلێمانی رایدەگەیەنێت: "ئامانج لە خۆكاندیدكردنم، بە پلەی یەك كاركردنە بۆ پاراستن و بەدیهێنانی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان، لە ڕێگەی بەهێزكردنی قەوارەی دەستووری و یاسایی هەرێمی كوردستان". دەشڵێ، خەڵكی كوردستان لەوە تێگەیشتووە كە بەهێزیی پارتی، واتا بەهێزیی كوردستان.
شوان محەمەد ڕۆستەم، كاندیدی ژمارە 24 لە بازنەی پێنجی سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەر كاندیدێكی پارتی كاتێك دەچێتە پەرلەمانی عێراق، خاوەنی بەرنامە و ڕوئیای خۆیەتی، هەروەك دەزانین ناوچەی گەرمیان یەكێكە لەو ناوچانەی كە لە ڕابردوو و سەردەمی ڕژێمی بەعس تووشی ڕاگواستن و ئەنفال و جینۆساید بووەتەوه، بەندەش یەكێكە لەو كەسانەی كه زۆرترین كەسی بنەماڵەكەم ئەنفال كراون، تا ئێستاش كەسوكارەكانی ئەنفالكراوان لە ژیانێكی سەختدا ژیان دەگوزەرێنن و هێشتا كاریگەری و ئاسەوارەكانی ئەم تاوانە بە سیمایانەوە دەبینرێت و وەك پێویست ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە، بۆیە بێگومان یەكێك لە كارەكانم ئیشكردنە لەسەر پرسی ئەنفال، ئەویش لە ڕێگەی جێبەجێكردنی ئەو یاسایانەی كە وادەكەن حكوومەتی عێراق پابەند بێت بە قەرەبووكردنەوەی ماددی و مەعنەویی كەسوكاری ئەنفالكراوان".
ناوبراو گوتیشی: "كاركردن لەسەر شەفافیی داهای سنوورەكە، خزمەتكردنی ئیدارەی گەرمیان بە هەموو قەزا و ناحیە و گوندەكانیەوە، هێڵێكی دیكەی كاركردنمان دەبێت، چونكە ئەم سنوورە خاوەنی داهاتێكی باشی ئابوورییە و ئەگەر وەك خۆی بەگەڕ بخرێت، دەتوانرێت زۆرترین خزمەتی پێ بكرێت".
كاندیدەكەی پارتی ئاماژەی بەوەش كرد: "بابەتی یەكڕیزی، یەكێكی دیكەیە لەو چوارچێوەیەی كە ئیشی لەسەر دەكەین، من پێم وایە هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوون گرنترین كارێك كە بیكەین یەكخستنی دەنگ و ڕەنگی كوردە، چونكە هەمیشە پەرتەوازهیی كورد لە نێوخۆی بە تایبەت لە بەغدا، یەكێك بووە لەو خاڵانەی كە وای كردووە بەرامبەر بەغدا بە لاوازی دەربكەوین و بە ئاسانی نەیەنە ژێر باری داخوازی و داواكارییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان، بۆیە پێویستە هەموو جیاوازییەكانمان تێپەڕێنین و وەك یەك تیم لە یەك سەنگەری هاوبەش كار بۆ بەدیهێنانی هەموو ئەو خاڵانە بكەین كە باسم كرد".
سەبارەت بە پێشوازیی هاووڵاتیان لە بەرنامە و كارنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان، شوان محمەد ڕوونی كردەوە: "ئەندامان و خەڵكی پارتی خاوەنی بیروباوەڕ و دیسپلینی خۆیانن، بە بێ موجامەلە پێشوازیی هاووڵاتیان جێگەی خۆشحاڵییە، ئەمەش بێگومان بەرمەبنای ئەو ڕاستگۆیی و كاركردنە بووە كە پارتی لەم سنوورە هەیبووە، خەڵكیش باش لەوە تێگەشتوون كە بەهێزیی پارتی، واتا بەهێزیی هەموو كوردستان".
شوان محەمەد ڕۆستەم، لە ئێستادا لە بازنەی پێنجی سلێمانی بە ژمارە (24) كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
ئەرسەلان ئەحمەد




