لە کەرکووک پارتی بە شێوەیەکی فەرمی دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کرد
__2021_09_12_h18m49s1__HK.jpg)
کەرکووک_KDP.info_ ڕێپێدراوی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک گوتی، ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک پارتی دیموکراتی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کرد و دوو نووسینگەی بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن کردەوە و لە نووسینگەکاندا ئاڵای کوردستان و ئاڵای پارتی بەرز کراوەتەوە و وێنەیەکی گەورەی سەرۆک بارزانییش ھەڵواسراوە.
ڕێپێدراوی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، سامان ڕەشید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای ئەوەی دوێنێ بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرتاسەری کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی دەستی پێ کرد و بەربژێرەکانیان بە ھەموو خەڵک ناساند و جگە لەوە، چەند بەربژێرێکمان ھەیە لە ناوچەکانی دیکەی وەکوو بەغدا و کووت و ڕۆمادی و کەربەلا و، لە سەلاحەدین و دیالەش بەربژێرمان ھەیە و، لە کەرکووکیش دوو بەربژێرمان ھەیە، ئەوانیش لە بازنەی یەک، دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا بە ژمارە ٣٠ و لە بازنەی دوو، مامۆستا نەجوا حەمید بە ژمارەی ٥٢ و ئەمڕۆ بەفەرمی دەستمان بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کرد و نووسینگەکانمان کراونەتەوە."
سامان ڕەشید گوتیشی: "خەڵکێکی زۆری ئەندام و لایەنگرانی پارتی و خەڵکی بەشەرەفی کەرکووک ئامادەی کردنەوەی نووسینگەکان بوون و لە مەودوا لە ڕێگەی ئەو نووسینگانەوە کار و چالاکیی خۆیان دەکەن و بەرنامەی خۆیان وپارتی بڵاو دەکەنەوە.''
ڕەشید باسی لەوەش کرد: ''ئاڵای پارتی و کوردستان و وێنەیەکی گەورەی سەرۆک بارزانیشمان داناوە و خەڵکیش بە ئازادانە ئاڵای کوردستانیان بەرز کردووەتەوە و بڕیارە لە ئایندەدا ئەگەر پێویست بکات نووسینگەی دیکەش بکەینەوە و، چاوەڕێ دەکەین بارەگاکانی پارتی وەرگرینەوە، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆی بەردەوام دەکرێت.''
بڵند ئیبراھیم




