٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. ھاوار نێروەیی: پارتی ھەمیشە دەکەوێتە شەڕی پاراستنی پێگەی ھەرێمی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

پارتی لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا جەخت لەسەر پاراستنی قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە و پسپۆڕێکی زانستە سیاسییەکانیش پێی وایە، چوار ساڵی داھاتوو شەڕێکی سەختی دەستووری بەڕێوەیە و ھاوکات داوای لە لایەنەکانی کوردستان کرد بچنە بەرەی پارتی بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان.

د. ھاوار نێروەیی، ڕاگری کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە پلانی داھاتووی پارتی دیموکراتی کوردستاندایە کە لە داھاتوودا زیاتر جەخت لەسەر بابەتی پاراستنی ماددەکانی دەستوور دەبێت، چونکە چوار ساڵی داھاتوو شەڕی دەستوور دەبێت کە یەکێک لە بڕگەکانی پاراستنی قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان، پاراستنی ماددەی ١١٧ی دەستووری عێراقە و ئاماژەی فەرمی بە پێگەی ھەرێمی کوردستان دەدات، ئەویش خۆی لە حکوومەت و پەرلەمان و دەزگا فەرمییەکانی ھەرێمی کوردستاندا دەبینێتەوە، لەبەر ئەوەی دەوڵەتی عێراق ددانی پێدا ناوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش ددان بە قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستاندا دەنێت.''

ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەکان دەڵێت: "شەڕی دەستووری، شەڕێکی دژوار دەبێت، بەتایبەتی ھەردوو پێکھاتەی عەرەبی شیعە و سوننە لەسەر دەستووری عێراق و قەوارەی ھەرێمی کوردستان یەکدەنگن، ھەروەک سەرۆک بارزانی ئاماژەی بۆ کردووە.''

لە پەیام و بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی عێراقدا ھاتووە، پارتی کار بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان بە گیانێکی یەکڕیزی کوردستانییەوە دەکات، تا بتوانین گرفتە چارەسەرنەبووەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەر بکەین.

د. ھاوار نێروەیی ڕوونیشی کردەوە: "مەترسی لەسەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان ھەیە، چونکە زۆرن ئەو لایانانەی لە ھەوڵی ھەموارکردنەوەی دەستووری عێراقدان کە بە زۆرینە تێی پەڕێنن، ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە، بەتایبەتی عەرەبی سوننە و شیعە لەسەر پرسی ماددەی ١١٧ی دەستووری عێراق یەکھەڵوێستن.''

نێروەیی داوای لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد، پاڵپشتیی پارتی بکەن بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و گوتی: "بە بۆچوونی خۆم ئەگەر دوای ھەڵبژاردن کورد یەکگرتوو بێت لە پەرلەمانی عێراق ئەو پیلان و ھەوڵانەی دژی قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستانن ھیچ پێگەیەکی ئەوتۆی نابێت، لەبەر ئەوەش پێویستە ھەموو لایەنەکانی بچنە بەرەی پارتی و فشارێکی نێودەوڵەتی دروست بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ھەوڵانەی دژی ھەرێمی کوردستان ھەن.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار