٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێکهاتەکان: پارتی چەترمانە و بەهێزبوونی، بەهێزبوونمانە

سەرچاوە: KDP.info

پێکهاتەکان لە هەموو ناوچەکانی عێراق دەڵێن، پارتی تاکە هێزە بتوانێت پارێزگاری لە پێکهاتەکان بکات، یەکێک لە دروشمەکانی پارتی پێکەوەژیانە، پارتی تەنیا بە دروشم نا، بگرە بە کردار سەلماندوویەتی کە پشتیوانی لە پێکهاتەکان دەکات و بە گیان و دڵ پشتیوانی پێکهاتەکانە.

پارتی؛ پاڵپشتی بەهێزی پێکهاتەکان

هەمیشە دروشمی پارتی ئەوە بووە کە دەبێ هەموو بیروباوەڕە جوداکان لە کوردستاندا شوێنیان هەبێت و کوردستان مڵکی تەنیا ئایینێک نییە، بەڵکوو مڵکی هەموو ئایین و بیروباوەڕە جیاوازەکانە، لەو بارەیەوە، هەیسەم پترس، چالاکی مەسیحی لە دهۆک دەڵێت: ''ئەگەر سەیری مێژووی دامەزراندنی پارتی بکەی لە دامەزراندنییەوە تا ئێستا هیچ جارێک بەبێ پێکهاتەکان نەبووە، لە شۆڕشدا هەموو پێکهاتەکان چوونەتە بەرەی پارتی و لەگەل ژەنەراڵ مەلا مستەفا بارزانی دەستیان بە شۆڕش کرد و لە دوای شەڕیش پارتی لە پێکهاتەکان جیا نەبووەوە و توانی ببێت بە چەتری پێکهاتەکان.

هاتنی پاپای ڤاتیکان بۆ هەرێمی کوردستان مانای ئەوە بوو کە کوردستان پێگەی مەسیحییەکانی پاراستووە و هەموو ئەوانەی بە هۆکاری جەنگەوە ئاوارە بوون، هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. هەیسەم پترس بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''پێشتر خوێندن بە زمانی کلد و سریان و ئاشووری قەدەغە بوو، بەڵام پارتی لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە لە دهۆک و هەوڵیر دەرفەتی بۆ خوێندن بەو زمانانە ڕەخساند. بۆیە پارتی بە هەموو شێوەیەک توانیویەتی پشتیوانیی پێکهاتەکان بکات، بینیمان لە شەڕی دژی بە داعش هەر پارتی و سەرۆک بارزانی بوون لە ناوچە مەسیحییەکان نەیانهێشت خاچی سەر کلیسەکان بکەوێت و کەنیسەکان بێدەنگ ببن و، هەموو ناوچەکانی مەسیحییان لە داحش پاک کردەوە و هەولێر بووە پەناگەی مەسیحییەکانی عێراق، هەموو دنیاش دەزانێت پارتی و سەرۆک بارزانی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا بوونەتە فریادڕەسی مەسیحییەکان.''

پارتی چەتری پێکهاتەکانە

پارتی مڵکی هەموو بیر و باوەڕ و ئیتینک و ئایینە جیاوازەکانە و ئێستا نەک تەنیا بۆ ئایین، بگرە بۆ نەتەوەکانیش وەک چەترێکە و، سەرۆک بارزانی دوێنی لە دەستپێکردنی بانگەشەی پارتیدا ڕایگەیاند، ''دڵخۆشم دەبینم برایانی عەرەب لەنێو کاندیدانی پارتیدا هەن، ئەمەیە بەهێزی و جوانیی پارتی.'' لەم بارەیەوە مافپەروەر، داود هۆهان، سەرۆکێ کاروباری ئەرمەنییەکان لە زاخۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''بۆیە دەنگ بە پارتی دەدەین، چونکە پارتییە خۆی لە پیکهاتەکان کردووەتە خاوەن و هەر ئەویشە لە هەموو دنیا پشتیوانی لە پێکهاتەکانی کوردستان دەکات و زۆریش پشتیوانە بۆ پێکهاتەی ئەرمەن لە تەواوی کوردستان.''

گوتیشی: ''ئەمە ٥٠٠ ساڵە ئەرمەنییەکان لە عێراقن، بەڵام نەبوونەتە خاوەن کورسییەکی پەرلەمانی لە پەرلەمانی عێراق، کەچی ١٠٠ ساڵە لە کوردستانن ئێستا ئەرمەن خاوەنی کورسییەکی پەرلەمانین لە پەرلەمانی کوردستان و ئەمەش بۆ ئێمە پەیامێکی گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین بە جیهان بڵێین ئێمە پێگەمان بەهێزە و ئەمەش هەموو لە ئەنجامی هەوڵ و بزاڤەکانی پارتی و سەرۆک بارزانییە، هەموو هەوڵێک دەدەین پارتی ببێت بە حزبی یەکەم چونکە بەهێزبوونی پارتی بەهێزبوونی پێکهاتەکانە.''

پارتی قەڵغانی پێکهاتەکانە

هەر پەیوەست بەم بابەتە، بنەش عەلۆ خەلەف، چالاکی کوردانی ئێزدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''ئەم هەڵبژاردنانە زۆر گرنگن و دەبێ کوردانی ئێزدی دەنگ بە پارتی بدەن، چونکە بەهێزبوونی پارتی لە بەغدا واتای بەهێزبوونی کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانە لە بەغدا، چونکە پارتی دەتوانێت زیاتر گوشار بکات و ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی ئەو ڕەوشە ئاڵۆز و ململانێ سیاسییە لە شنگال دوور بخرێتەوە.''

بنەش عەلۆ خەلەف دەڵێت: ''ئێزدییەکان گەیشتوونەتە ئەو متمانەیەی کە پارتی دەتوانێت پارێزگاری لە پێکهاتەکان بکات، چونکە زۆر لایەن هاتوون و خۆیان سەپاندووە بە سەر ئێزدییاندا و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریان هێناون. بەڵام پارتی خۆی کردووەتە قەڵغان بۆ پێکهاتەکان.''

بنەش وتەیەکی سەرۆک بارزانی وەبیر دەهێنێتەوە و دەڵێت: ''کاتێک شنگال ڕزگار کرا لە دەست داعش، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند دەبێ کوردانی ئێزدیی چارەنووسی خۆیان دیار بکەن و بۆ کەس نییە مافی ئێزدییەکان دیاری بکات، ئێستا ئێزدییەکان ڕۆڵیان باشە لە دامەزراوەکانی کوردستان و پێگەمان پاریزراوە وەک کوردانی ڕەسەن، بەڵام دەبێ پارتی زیاتر نیگا بخاتە سەر گەنجانی ئێزدی، چونکە گەنجانی ئێزدی سامانێکی گەورەن و ڕیگە نەدەن لایەنەکانی دیکە ئەم گەنجانە بۆ خۆیان بەکار بێنن.''

کاروان بــاعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار