٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی کشتوکاڵ: کار دەکەین بۆ ئەوەی خەڵک جارێکی دیکە ھاوشێوەی پێشوو ڕوو لە کشتوکاڵ بکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر_KDP.info_  بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی زۆر باش و کرداریی لەبارەی پێشوەچوونی کەرتی کشتوکاڵ لە ھەرێمی کوردستان ناوە و بەردەوامیش دەبن بۆ ئەوەی کشتوکاڵ ببێتە سەرچاوەیەکی داھاتی ھەرێمی کوردستان.

کەریم سلێمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دراوە و سەرۆکی حکوومەت ھەندێک ھەنگاوی گرنگی ناوە لەو بارەوە و لە سەردانی بۆ بەلجیکا و ھۆڵەندا و یۆنان و زۆر وڵاتی دیکەی ئەورووپا، یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی کە باسی دەکات کشتوکاڵە و نوێنەری دیپلۆماسیی وڵاتانیش سەردانی ئێمەیان کردووە و بەتایبەت ھۆڵەندییەکان ماوەیکی درێژە لیژنەیەکی ڕاوێژکاریان ھەیە بۆ ئەوەی بەپێی توانا ئەزموونی ئەوان بۆ ھەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە.''

گوتیشی: ''ھەندێک پڕۆژەی گرنگ جێبەجێ کراون لەبواری کشتوکاڵدا، لەوانە پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنم و مەبەستیش ئەوەیە ژێرخانێکی ئابووری دابنرێت کە کەرتی کشتوکاڵی بەشێکی گرنگی ئەو ژێرخانەیە، بۆیە بڕیار درا سێ پڕۆژە جێبەجێ بکرێن لەگەڵ دروستکردنی ھەندێک سایلۆ و دامەزراندنی ھەندێک کارگە لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆکیش کە تەنھا ئەوەی دھۆک ماوە و ئەویش بڕیارە بەردی بناغەی بۆ دابنرێت و لە ھەولێر بەداخەوە بەرھەمی گەنم ٥٠% کەمی کردبوو و کوالێتیشی باش نەبوو، بەڵام کۆمپانیای خۆشناو ٢٢ ھەزار تۆنی وەرگرت بۆ ئەوەی بیکەنە بەرھەمی خۆماڵی کە ١٣ کارگەی لەو پڕۆژەیە ھەیە، وەکوو ئاردی سفر و ئاردی ئەسمەر و ئالف و ھەندێک کارگەی دیکە ھێشتا کاری تێدا نەکراوە بۆ بەرھەمھێنانی بەرھەمی گەنم وەکوو ساوەر و دانەقوت و بەرھەمەکانی دیکە، بۆیە گرنگیی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دراوە.''

باسی لەوەش کرد: ''بڕیارە ١٣ بەنداوی تەواونەکراو پارەیان بۆ تەرخان بکرێت و تەواو بکرێن بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت و ٩ بەنداوی دیکە لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک بە سیستەمی پی پی پی دروست بکرێن و کار لەنێوان ئێمە و وەزارتی پلاندانان بەردەوامە بۆ ئەوەی داواکاریی کۆمپانیاکان وەرگرین کە دەیانەوێت ئەو کارە بکەن، بۆیە بەگشتی گرنگیی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دراوە و یەکێک لە وەزارەتە ئابوورییەکانی حکوومەت، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە، بۆیە چۆن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کاری بەرھەمھێنانی نەوت و غازە و ئەگەر ئێمە بۆ مێژوو بگەڕێینەوە پێشتر ژیان لەسەر کشتوکاڵ بووە، بۆیە بەنیازین خەڵک جارێکی دیکە بەری خۆی بداتەوە کشتوکاڵ بە شێوەی سەردەمی و شێوازی نوێ، بۆ نموونە گەنم کە تۆیەکەی گۆڕاوە و بەرھەمەکەی زۆر زیاتر دەبێت، بۆیە ھەنگاوی باشمان لەپێشە و کاری باشتر بۆ بەرەوپێشوەچوونی کەرتی کشتوکاڵ دەکەین.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار