بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە: رۆژانە ٦٧گەشتمان ھەیە.. داھات نزیکەی ٥٠% زیادی کردووە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر رایگەیاند، ئێستا گەشتەکانمان لەگەڵ ھەموو وڵاتان ئاسایی بوونەتەوە و داھاتیشمان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە رێژەی نزیکەی ٥٠% زیادی کردووە.
ئەحمەد ھوشیار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا بە ھۆی نەخۆشیی کۆرۆنا ھەندێک سستی ھەبوو لە ئیش و کارەکان، ئێستا دووبارە خۆمان رێکخستۆتەوە و ئیش و کارەکانمان وەکو پێش ھاتنی کۆرۆنا بە باشی بەڕێوە دەچن و گەشتەکان وەک پێش حاڵەتەکانی کۆرۆنای لێ ھاتۆتەوە، کە رۆژانە ٦٧گەشتمان ھەیە کە پێشتر بۆ ١٣ تا ١٤ گەشت کەم ببووەوە و گەشتەکانیش زیاتر لەگەڵ وڵاتانی تورکیا و قەتەر و دوبەی و نەمسا و ئەڵمانیا وکۆپنھاگن و ئوردن و سووریا و ئێرانن و، ھیچ وڵاتێک نەماوە گەشتمان لەگەڵ دەست پێ نەکردبێتەوە".
ھوشیار باسی لەوەش کرد، ئەوەی سەردانی دەرەوەی وڵات بکات، پێویستە پشکنینی کۆرۆنا ٧٢سعات بەسەریدا تێپەڕ نەبێت لەگەڵ داواکاریی وڵاتەکەی بۆی دەچێت لای بێت، ئەوکات دەتوانێ گەشت بکات.
دەشڵێ: "ئێستا پەیوەندیمان لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق زۆر باشە و ھیچ کێشە و گرفتێکمان لەگەڵیان نییە. پلان و بەرنامەشمان ھەیە کە کارەکان بەرەو باشتر ببەین، بەڵام چاوەڕێی باشتربوونی دۆخی کۆرۆناین.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر ڕوونیشی کردەوە: " داھاتی ئێمە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە رێژەی ٤٨.٧% زیادی کردووە".
بڵند ئیبراھیم




