٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کوێت هاوکاریی دەرمانی و خۆراکیی هەرێمی کوردستان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- کونسوڵخانەى کوێت لە هەرێمی کوردستان، لەڕێگەى دەزگاى خێرخوازى بارزانى و وەزارەتى تەندروستییەوە 10 تۆن دەرمان و حەوت هەزار و 100 سەبەتەی خۆراکی پێشکەش بە وەزارەتی تەندروستی و هاووڵاتییان کرد.

ئەمڕۆ د. سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستیی حکوومەتی هەرێمى کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا گوتى: "ئەو ئامێر و کەرەستە تەندروستییانەى کە بریتین لە پێداویستییەکانى هۆڵى نەشتەرگەرى و چاودێریی چڕ، گرنگیی خۆی هەیە، بەتایبەتى ئێستا کە تووشبوانێکى زۆرى ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هۆڵەکانى چاودێریی چڕ لەژێر ئامێرەکانى هەناسەدانى دەستکرددان، بۆیە پێشکەشکردنى ئەم ئامێرانە هاوکار دەبێت بۆ سەلامەتی گیانى هاووڵاتییانى کوردستان".

هەر لەمبارەوە مووسا ئەحمەد، سەرۆکى دەزگاى خێرخوازیى بارزانى، بە ڕۆژنامەنووسانى ڕاگەیاند: "کە 10 تۆن دەرمان و حەوت هەزار و100 سەبەتەى خۆراک لەلایەن کونسوڵخانەى کوێتەوە پێشکەش بە هەرێمى کوردستان کراون و بەسەر وەزارەتی تەندروستی هاووڵاتیانى کوردستاندا دابەش دەکرێن".

ڕوونیشى کردەوە بەهای هەموو ئەو کەرەستانە بە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێن و دیاریى دەوڵەتى کوێتە بۆ خەڵکى کوردستان.

لەبارەى ئەو هاوکارییانەوە ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێڕ ئاماژەى بۆ ئەوە کرد: "کونسوڵخانەى کوێت هاوکاریی بەردەوام پێشکەش بە خەڵکى کوردستان کردووە و ئەمڕۆش بەو دوو هاوکارییە تەندروستى و خۆراکییانە، کە زیاتر لە ملیۆنێک دۆلار زیاتر گوژمەکەیەتى، ئەو هاوکارییانە کە بۆ خەڵکى کوردستانە، بەسەر دانیشتوانی ئەو شوێنانەدا دابەش دەکرێت کە زیانیان لێ کەوتووە".

عومەر کەندەرى، کونسوڵى کوێتیش لە هەرێمی کوردستان ئاماژەى بۆ ئەوە کرد: "ئەوەى تاکوو ئێستا کراوە، بریتی بووە لە ئەرکى مرۆیی و دراوسێیانە و هەرێمى کوردستان شایستەى ئەو هاوکارییانەیە، بۆیە ئەو هاوکارییە مرۆییانە هەم بۆ خەڵکى کوردستان هەم بۆ ئەو ئاوارە و پەنابەرانەى کە لە کوردستان حەوێنراونەتەوە و هاوکارییەکانیش بەردەوام دەبن".

هەواڵی پەیوەندیدار