٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دڵخۆشین كه‌ کادیری ئەو ڕێباز و قوتابخانەیه‌ین کەوا بارزانی باوک ڕێبەرایەتی کردووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- شەست ساڵ بەسەر ھەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا بە ڕابەرایەتیی بارزانی نەمر تێدەپەڕێ، لەم ساڵیادەشدا گەنجانی کوردستان دەڵێن، مستەفا بارزانی ھەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی یەک خست. پێشیان وایە، شۆڕشەکە بڕوابەخۆبوون و ئیرادەی لە ناخی ھەموو تاکێکی کوردستانیدا دروست کرد.

بۆ ئەم مەبەستە، ئاری نانەکەلی، کارگێری لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەسپێکی مێژوویەکی گرنگە بۆ کورد، ئەم شۆڕشە بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر گەورەترین شۆڕشی سیاسی و چەکداری بوو لە سەرتاسەری کوردستان، ھەر لە زاخۆ تا خانەقین. 

نانەکەلی، جەختیش دەکاتەوە، شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشێکی ڕەسەنایەتی کوردستانی بوو بە ئیرادەیەکی بەھێزی جەماوەری بە دەست و بازووی تێکۆشەرانی شۆڕشی ئەیلوول بە قیادەی بارزانی بوو. ھەروەھا گەورەترین دەستکەوتی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە بوو کە ١٤ ساڵ درێژەی کێشا بە نانی ڕەق و بە تفەنگی سادە و بە ئیرادەی بەھێزی پێشمەرگە و جەماوەر بەرھەمێکی گەورەی لێکەوتەوە ئەویش ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ بوو، کە ڕژێمی ناچار کرد مافەکانی گەلی کوردستان لە دەستووری ھەمیشەیی عێراق دانرێت، دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئەیلوولیش دەست پێکردنی شۆڕشی گوڵان و ڕاپەڕین و ئەنجام دانی ھەڵبژاردن و دروست بوونی پەرلەمان و حکوومەت و بوونی قەوارەی ھەرێمی کوردستان گرینگترین ئەو دەستکەوتانەن کە بەدی ھاتوون.

ھەر لەمبارەشەوە، جەواد قادر، کادیری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی باس لە خەسڵەتەکانی شۆڕش دەکات و دەڵێت، دوو خەسڵەتی شۆڕشی ئەیلوول لە شۆڕشەکانی پێش خۆی جیا دەکاتەوە، یەکەم سەرجەم شۆڕشەکانی تر بەرەنگاریی ناوچەیی و عەشیرەتەکانی کوردستان بوون دژ بە دەسەڵاتە دەوڵەتی و داگیرکەرەکان، واتا شۆڕشی ئەیلوول بزووتنەوەیەکی سیاسی و چەکداری بوو کە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی عێراق دژی دەوڵەتی عێراق بەرپا بوو، بۆ یەکەم جار سنووری ناوچە و عەشیرەتی بڕی. بە واتەیەکی تر، بەرگێکی نیشتمانیی دا بە بزووتنەوەی سیاسی لە کوردستان.

جەواد قادر تیشک دەخاتە سەر خەسڵەتی دووەم و پێی وایە، شۆڕشی ئەیلوول بە تایبەت لە ساڵانی پێش و دوای ڕێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، توانیی ناوچە لەیەک جیاوازەکانی کوردستانی عێراق، (بادینان، سۆران، ھەورامان و ھتد)، لە ڕێگەی ئیدارەی شۆڕشەوە بە یەکەوە گرێ بدات و یارمەتیی دروستبوونی ناسنامەیەکی نەتەوەیی بدات کە ئەم ناسنامەیە پێشتر پچڕ پچڕ بوو زیاتر مۆرکی ناوچە و عەشیرەتی ھەبوو. بە واتەیەکی تر، لە شۆڕشی ئەیلوولدا جوگرافیای کوردستانی عێراق لە یەکتری گرێ درا و بوو بە ھەوێنی بزووتنەوەی نیشتمانیی کوردستان. 

ھاوکات پیران ئەمیر، کادیری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، زادەی ئازارەکانی گەلی کورد بووە لە عێراق و ڕەنگدانەوەی فراوانی لەسەر بیروباوەڕی کورد لە ھەموو جیھاندا ھەبوو، وەچەرخانێک بوو کوردی بە ھەموو چین و توێژ و تەمەن و ئاڕاستەیەک ھێنایە سەر یەک باوەڕ ئەویش خەباتکردن بوو لە پێناو بەدەستھێنانی مافە زەوتکراوەکانی گەلی کوردستان، پیران، دەشڵێ، بارزانی نەمر و ھەڤاڵانی توانیان بۆ ھەموو جیھانی بسەلمێنن کە ھیچ ھێزێکی تۆکمەی تۆپ و تەیارە توانای تێکشکاندنی ھێزی باوەڕی نییە، دواجار ڕژێمی ئەوسای ھێنایە ژێڕ ڕکێفی باوەڕ نەگۆڕەکانی شۆڕش و تا ئاستی ڕێککەوتن نامەی ١١ی ئازار  چۆکی بە دووژمن دادا و دەنگدانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیھان ھەبوو، ئەو پێی وایە، ھەموو جیھان ڕوئیایەکی تریان بۆ عێراق و کوردستان لەلا پەیدا بوو، ئەگەرچی ڕژێمی ئەوکات پاشەکشەی لە ڕێککەوتننامەکە کرد و بۆ ھەرەسھێنان بە بزاڤی ڕزگاری خوازی کورد تەنازولی بۆ دەوڵەتانی تر کردو عێراقی توشی دەیان ئاشوب و شەڕی تر کرد کە شوێنەواری ئەو شەڕانە دەیان ساڵی تریش کاریگەری لەسەر عێراق و خەڵکەکەی و جوگرافیاکەی دەمێنێ، لەگەڵ ئەوەشدا نەک نەیتوانی شکست بە شۆڕشی کورد بھێنێ، بەڵکو گەلی کورد بە ھەمان باوەڕی ئەیلوولانە و لەسەر بنەمای ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازار ڕاپەڕینی ئەنجامدا و دواتریش فیدڕالییەتی کردە دیاری ئەو شۆڕشە مەزنە.

ھەر پەیوەست بە بۆنەی یادی شەست ساڵەی شۆڕشی ئەیلوول، نەجمەدین حەسەن، کادیری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی وای راگەیاند، کە دەیەوێ لە ڕوانگەیەکی جیاوە قسە بکات، ئەو پێی وایە، شۆڕشی ئەیلوول جیا لە شۆڕشەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان شۆڕشێکی کوردستانی بووە نەک تەنیا بۆ کورد بۆ ھەموو لایەنێک بووە، دەشڵێ، جەنابی مەلا مستەفا ٦٠ ساڵ پێش ئێستا بیری لە پێکەوەژیان کردەوە چونکە لەم شۆڕشەدا کورد، تورکمان، عەرەب، ھەموویان پێکەوە بەشداربوون لە شۆڕشی ئەیلوول،  چونکە ئەم ئازادیەی ئێستاو ئەنجامدانی ریفراندۆم و ھەنگاوی بەرەو سەربەخۆ بوون ھەمووی ئەنجامی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە.

نەجمەدین حەسەن، تیشک دەخاتە سەر گەنجان و دەڵێت، ڕاستە چەند کەسێک لەناو شۆڕشی ئەیلوولدا بە ڕابەرایەتی جەنابی مەلا مستەفا بە تەمەن بوون بەڵام شۆڕشەکە رۆحی گەنج بوو، بۆ نموونە سەرۆک بارزانی، کاک ئیدریس، یانی کۆمەڵێک گەنجی خوێن گەرم لەو شۆڕشەدا بوون. وەکو گەنجێک دڵخۆشین کە ئێمە کادیری ئەو ڕێبازوو فەلسەفەو قوتابخانەین کەوا بارزانی باوک ڕێبەرایەتی کردووە، ھاوکات ئەو بیرو فکرە جوانەی ھەبووە بۆ شۆڕشی کوردایەتی و ئەم قوتابخانەی کەوا دایمەزراند ئێستا کوردستان پێویستی بەم حیزبەو فەلسەفەو ڕێبازەیە.

 

ھەڵکەوت محەمەد

هەواڵی پەیوەندیدار